زیاتر لە (88) ملیۆن کەس گیرۆدەی هەژاری بوونەتهوه
"ئەگەر رێوشوێنی خێرا نەگیرێتەبەر، ملیۆنان کەسی دیکە دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری و دووچاری مردن دەبنەوە"

K24 - ههولێر:
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، ئەگەر رێوشوێنی پێویست نەگیرێنەبەر و رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەمساڵ ملیۆنان کەسی دیکە دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری و دووچاری برسییهتی دەبنەوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی ئاسایشی خۆراک رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو زیاتر لە (88) ملیۆن کەس گیرۆدەی برسێتی ببوونەوە، کە تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا ئەو رێژەیە (20%) زیادیکردووە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئاماژەی بەوە كرد، پێشبینییەکان بۆ ئەوەن لەم ساڵیشدا ئەو ئاراستە مەتریسدارە بەردەوام بێت، بۆیە داوا دەکات رووبەڕووی لێکەوتەکانی برسییهتی ببنەوە، کە بەهۆی ناکۆکییەکان لە جیهاندا سەریهەڵداوە.
روونیشكردهوه، ئەگەر رێوشوێنی خێرا نەگیرێتەبەر، ملیۆنان کەسی دیکە دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری و دووچاری مردن دەبنەوە.
د.ی