قەڵاکانی پاشای گەورە بەناوی ئافرەتێکەوە کراون
مێژووی دروستکردنی قەڵاکان بۆ ساڵی (1813) دەگەڕێتەوە

K24 - هه‌ولێر:
دوو قه‌ڵای سه‌ربازی سه‌رده‌می "میر محەمەد"، پاشای گه‌ورەی رواندز، تا ئێستا ماون و هه‌ردوو قەڵاکەش به‌ناوی "قۆنگره‌ی شه‌مامێ" ناسراون، له ساڵی (2010) نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه، مێژووی دروستكردنیان بۆ ساڵانی (1813 و 1814) ده‌گه‌ڕیته‌وه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، هه‌ردوو قه‌ڵاكه به‌ناوی ئافره‌تێكه‌وه‌ن، كوردستان24 ورده‌كاری هه‌ردوو قۆنگره‌كه و هۆكاری ناونانیان به‌ناوی ئافره‌تێكه‌وه ده‌خاته‌ڕوو.
ئەو دوو قەڵایە له سه‌رده‌می میرنشینی سۆران دروستكراون، یه‌كێك له رۆژهه‌ڵات و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش له رۆژئاوای شاری رواندزه، پێیانده‌گوترێت "قۆنگره‌ی شه‌مامێ"، هه‌ردووكیان له‌سه‌رده‌می "میر محه‌مه‌د" ناسراو به "پاشای گه‌وره" بنیاتنراون، ناونانیشی به‌ناوی ئافره‌تێكه‌وه بێ هۆكار نه‌بووه.
ساڵح محەمەد، یەكێكە لە رۆشنبیرانی رواندز لەبارەی دروستكردنی ئەو قەڵایانە و ناونانیان بە قۆنگرەی شەمام بە كوردستان24ی گوت: "ئەو قەڵایانە بۆ پاسەوانی رواندز دروستكراون، ئەوكاتە شەڕێك لەنێوان ئاشوورییەكان و میر محەمەد بەگ روودەدات، شەمام خان شەش كوڕی ھەبووە و یەكێك لە كوڕەكانی شەھید دەبێت، ئەوكاتە میر محەمەد سەردانی دەكات و پێی دەڵێ شەمام خان چیت دەوێ بۆت بكەین، ئەویش دەڵێت ھیچم ناوێت تەنھا ئەو قۆنگرە كە دروستی دەكەن بەناوی منەوە بكرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "بۆچوونێكی دیكە ھەیە، كاتێك شەمام خان كوڕەكەی شەھید دەبێت لە ھاودیانەوە دەچێتە رواندز و بە پاشای گەورە دەڵێت ئەو قۆنگرە بە من پسپێرە و خۆم و كوڕەكانم رواندز دەپارێزین".
ئه‌و دوو قه‌ڵا سه‌ربازییه له ساڵانی (1813 تا 1814) به‌شێوه‌ی بازنه‌یی دروستكراون، به‌رزی هه‌ریه‌كه‌یان (6) مه‌تره و تیره‌ی بازنه‌یی (3)مه‌تر، به دیوارێكی قایم و پانی به‌یه‌ك مه‌تر ده‌ستپیده‌كات تا ده‌گاته به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ده‌بێته (50)سم.
مێژوونووسان ده‌ڵێن میرنشینی سۆران له‌ساڵی (1400)ی زاینی دامه‌زراوه و دوای (463) ساڵ حكومڕانییه‌كی فراوان، له ساڵی (1836) رووخاوه، میر محه‌مه‌د، پاشای گه‌وره بیسته‌مین و دوایه‌مین میری ئه‌و میرنشینه‌بووه و سه‌رده‌می ئه‌و، سه‌رده‌می زێڕینی میرنشینه‌كه بووه، خاوه‌نی دراو و چه‌ك و جبه‌خانه‌ی زۆری خۆكردی بووه، ئه‌و میره كورده یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی گرنگی زۆری به‌ئافره‌تان داوه.
د.ی