تورکیا کارپێکردنی یاداشتنامەیەک لەگەڵ عێراق رادەگەیەنێت
عێراق و توركیا لێکتێگەیشتنێك واژۆ دەكەن

K24 - ھەولێر
فاتح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئاشکرای دەکات، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وڵاتەکەی و عێراق لەبارەی ئاو واژۆکراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
باڵیۆزی تورکیا رایگەیاندووە، ئەنقەرە بە ئەرێنییەوە لە هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق لەبارەی ئاو دەڕوانێت، بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا لە ساڵی 2019 پلانێکی کاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو پێشکەش بە لایەنی عێراقی کرد، کە پلان و پڕۆژەی لە چەندین ناوچەی دیاریکراو بە گوێرەی پێویستییەکان بۆ ئاوی تێدا بوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنقەرە و بەغدا دیدگایان بۆ دۆسیەی ئاو جیاوازە، بە بۆچوونی عێراق کێشە دابەشکردنی ئاوە لەنێوان هەردوو وڵات، بەڵام کێشە پشکی ئاو قوڵترە و عێراق دەتوانێت بە شێوەیەکی نموونەیی ئەو ئاوەی بۆی دێت سوودی لێوەربگرێت.
راشیگەیاند، وشکەساڵی 2018 و بەردەوانەوە ئەو ئاوە زۆرەی لە 2019 سەلمێنەری ئەوەن، کە عێراق بە شێوەیەکی دروست سوود لە سەرچاوە ئاوییەکانی وەرناگرێت. جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە ئەزموونەکانی پێشکەش بە عێراق بکات، لە رووی تەکنیکی یاخود سەرچاوەی مرۆیی.
ئەو لێدوانەی باڵیۆزی تورکیا لە پەراوێزی یەکەم کۆنفرانسی ئاوی نێودەوڵەتی بوو کە لە عێراق بەڕێوەدەچێت.