یانه‌ی زاخۆ دوای 37 رۆژ سه‌ركه‌وتنی له‌ خولی نایابی عێراق تۆمار كرد

گرته‌یه‌ك له‌ یاریزانانی یانه‌ی زاخۆ دوای گۆڵه‌كه‌ی زیاد ئه‌حمه‌د له‌ دژی ته‌ڵه‌به‌. 14 ئاداری 2021
گرته‌یه‌ك له‌ یاریزانانی یانه‌ی زاخۆ دوای گۆڵه‌كه‌ی زیاد ئه‌حمه‌د له‌ دژی ته‌ڵه‌به‌. 14 ئاداری 2021

زاخۆ دوای ٣٨ رۆژ لە خولی نایابی عێراق بە بردنەوە شادبووەوە، لە یاریگای خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە تەڵەبەی میوانی بردەوە، کە زاخۆ دوای 3 یاریی یەکەمین سەرکەوتنی بوو لەگەڵ سامی بەحت راهێنەری نوێی یانەکە بەدەستی بهێنێت.

یانەی زاخۆ دوای دوو دۆڕانی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە یاریگای خۆیان و لە گەڕی 24ـی خولەکە میوانداریی تەلەبەیان کرد، کە ئەو یانەیەش چوار یاریی بوو لەسەر یەک تامی بردنەوەی نەکردبوو.

زاخۆییەکان دەست پێشخەریان کرد و یەکەم هێرشیان بردە سەر گۆڵی تەلەبە، بەڵام بەرگریکارەکانی بەرامبەر بە باشی بەرگرییان لە گۆڵەکەیان کرد.

ئەمجارەشیان یاریزانانی زاخۆ دەرفەتێکی دیکەیان بۆ زیاد ئەحمەدی هێرشبەری یانەکەیان رەخساند، بەڵام ئەو یاریزانە سەرکەوتوو نەبوو لە تۆمار کردنی گۆڵی یەکەمی یارییەکە.

ئەمجارەیان یاریزانانی تەلەبە بوون دوای ماویەکی زۆر خۆیان گەیاندە ناو هێڵی سزای زاخۆ، بەڵام نەیانتوانی سوود لەم تۆپە ببینن و بەرگریکارەکانی خاوەن یاریگا تۆپەکەیان دوور خستەوە.

یاریزانانی زاخۆ تۆپێکی دیکەیان بۆ زیاد ئەحمەدی گۆڵکارەکەیان ناردەوە، ئەمجارەشیان زیاد سەرکەوتوو نەبوو لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی یانەی تەلەبە و یارییەکە بەبێ گۆڵ بەردەوام بوو.

یاریزانانی زاخۆ بە تەواوەتی کۆنتڕۆلی یارییەکەیان کردبوو، بەڵام هێرشبەرانی یانەکە سەرکەوتوو نەبوون و ئەمجارەیان عومەر عەدنان نەیتوانی سوود لە ئاستێکی هاوڕێکانی ببینێت.

یاریزانانی زاخۆ لە ناو هێلی سزای تەلەبە هیچ سوودێکیان لە تۆپەکان نەبینی، بۆیە ئەمجارەیان لوکاس لە دەرەوەی ناوچەی سزا بەم شوتە خۆی تاقیکردەوە، کەچی ئەویش سەرکەوتوو نەبوو لە تۆمار کردنی گۆڵی یەکەمی یارییەکە.

هەڵەیەکی محەمەد شاکر گۆڵپارێزی زاخۆ، نزیکبوو خەڵاتێکی گەورە پێشکەشی یاریزانانی تەلەبە بکات، بەڵام هەر خۆی زوو هەڵەکەی چارەسەر کرد و کۆنترۆلی تۆپەکەی کرد و نەیهێشت گۆڵی یەکەمی یارییەکەی لێ بکرێت.

لە خولەکی 39 بروا نوری ئاسیستێکی بۆ زیاد ئەحمەد کرد و ئەو یاریزانەش توانی تۆڕی گۆڵەکەی دلۆڤان مەهدی گۆڵپارێزە کوردەکەی تەلەبە بهەژێنێت و شەشەم گۆڵیشی زیاد لەم وەرزە خولی نایابی عڕاق کرد و نیوەی یەکەم بەم ئەنجامی کۆتایی هات.

نیوەی دووەم زۆری پێنەچوو ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ تەلەبەی میوان گرت و محەمەد جەفال توانی گۆڵی بەرامبەربوون بۆ تەلەبە بکات.

دوای گۆڵەکەی تەلەبە، گەیلان لوقمان تۆپێکی جێگیری ناردە ناو سزای یانەی میوان، بەڵام هاوڕێکانی نەیانتوانی سوودی لێ ببین.

ئەمجارەیان لوکاس سانتۆس یاریزانی بەڕازیلی زاخۆ سوودی لە هەڵەیەکی بەرگریکارانی بەرامبەر بینی و نزیک بوو لە تۆمار کردنی گۆڵی دووەم، بەڵام دلۆڤان مەهدی بە نەخێر وەڵامی دایەوە.

لەم دیمەنەدا یاریزانانی زاخۆ پێیانوابوو کە شایستەی لێدانی سزان، بەڵام ناوبژیوان بێ ئەوەی ئەم کارە بکات بەردەوامی بە یارییەکەیدا.

ئەحمەد محەمەد یاریزانی زاخۆ بەم شوتە بەختی خۆی تاقیکردەوە، بەڵام ستون رێگری لێکرد و نەیهێشت ئەحمەد گۆڵی دووەمی یانەکەی بکات.

لە خولەکی 69 یاریزانانی زاخۆ سوودیان لە تۆپێکی جێگیر کرد و هیلیۆ مۆنتێرۆی بەڕازیلی توانی گۆڵی دووەمیش بۆ یانەکەی بکات و دووەم گۆڵیشی لەم وەرزە کرد.

یاریی بە بردنەوەی زاخۆ کۆتایی هات و ئەو یانەیە دوای 37 رۆژ توانی یەکەم بردنەوە بە راهێنەرایەتی سامی بەحت بەدەست بێنێت و کۆی خاڵەکانیشیان لەم وەرزەی خولی نایابی عێراقی گەیاندە 34 خاڵ.

ئه‌نجامی كۆتایی یاری نێوان زاخۆ و ته‌ڵه‌به‌ له‌ خولی نایابی عێراق ـ گه‌ڕی 24
ئه‌نجامی كۆتایی یاری نێوان زاخۆ و ته‌ڵه‌به‌ له‌ خولی نایابی عێراق ـ گه‌ڕی 24

 

Fly Erbil Advertisment