ئه‌حمه‌د سه‌فار: په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ لیژنه‌ی دارایی ده‌ستكه‌وتێكی باش بوو

"ئێستا لیژنه‌ی دارایی سه‌رقاڵی داڕشتنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببرێته‌ په‌رله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت"

K24- به‌غدا:

ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، به‌ په‌سه‌ندكردنی مادده‌ی 11 له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستكه‌وتێكی باش بوو و به‌رهه‌می هه‌وڵی چه‌ند مانگه‌مان بوو، كه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌مان له‌و پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ئه‌نجامدا.

ئاشكراشیكرد، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كراوه‌ مادده‌ی یازده‌ له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دارایی په‌سه‌ند كرا.

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ كوتله‌كانی سائیرون، ره‌وتی حیكمه ‌و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی سوننه‌ ده‌نگیان له‌سه‌ر مادده‌كه‌ داوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا،‌ هیچ خاڵێكی سزاییمان له‌ به‌رامبه‌ر پابه‌ند نه‌بوونی هه‌رێم له‌ مادده‌كه‌ قبوڵ نه‌كردووه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، لیژنه‌ی دارایی له‌ ده‌نگدان به‌ ته‌واوی بڕگه‌ و مادده‌كانی دیكه‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش پڕۆژه‌ یاساكه‌ بۆ تێپه‌ڕاندن ببرێته‌ په‌رله‌مان و بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

ئاشكراشیكرد، ئێستا ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببرێته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا كراون‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو بارێكدا ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ئاماده‌ییمان ده‌ربڕیوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌ تێپه‌ڕێندرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2021 به‌ڕێوه‌چوو، مادده‌ی 11 له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی، په‌سه‌ند كرا.

زانیاری زیاتر له‌م لێدوانه‌ی ئه‌حمه‌د سه‌فار بۆ كوردستان24 بزانه‌: