کەشتییەکەی نۆکەندی سوێس کەوتەوە جووڵە

دواجار رێڕەوەکە دەکرێتەوە

ئەو کەشتییەی نۆکەندی سوێسی لە جووڵە خستبوو
ئەو کەشتییەی نۆکەندی سوێسی لە جووڵە خستبوو

K24- هەولێر:

ئەو کەشتییەی نزیکەی یەک هەفتەیە رێڕەوی نۆکەندی سوێسی گرتووە، توانرا بۆ ناو ئاو بجوڵێندرێت و ئازاد بکرێت.

ئێم ڤی ئێڤەر گیڤن، گەورەتر لە یاریگایەکی تۆپی پێ، تەواوی رێڕەوەکەی گرتبوو، کە شوێنێکی گرنگ و گەورەی بازرگانی جیهانییە.

بەرپرسانی کەناڵی سوێس بڵاویانکردەوە، توانرا کەشتییەکە بۆ سەر رێڕەوی ئاوەکە بگەڕێندرێتەوە و بە تەواوەتیش سەلامەتە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەم نزیکانە رێڕەوەکە بە رووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە.

گیرخواردنی ئەو کەشتییە و پەکخستنی رێڕەوی نۆکەندی سوێس، زیانەکانی بە ملیارەها دۆلار بووە؛ ئەمەش وایکرد، ببێتە باسێکی گەرمی خەڵک و میدیا جیهانییەکان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، زیانی یەک رۆژی پەکخستنی ئەو رێڕەوە، شەش بۆ 10 ملیار دۆلار بووە لە رۆژێکدا؛ جیا لەوەش، 369 کەشتی دیکە گیریان خواردووە و چاوەڕێی کردنەوەی رێڕەوەکەن.