سوپا شارۆچکەی روتبەی لە بندەستی داعش دەرکرد
شارۆچکەکە کەوتووەتە ناوچەیەکی ستراتیجییەوە لەنێوان سێ وڵات
K24-هەولێر
هێزەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە شارۆچکەی روتبەیان لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سوپای عێراق رایگەیاند کە چووە نێو شارۆچکەی روتبە کە کەوتووەتە نێوجەرگەی بیابانی رۆژئاوای عێراقەوە و بە خاڵی بەستنەوەی ناوچەکانی بندەستی داعش لە عێراق و سووریا هەژمار دەکرا، چونکە شارەکە کەوتووەتە ناوچەیەکی هاوسنوور لەگەڵ وڵاتانی سووریا و ئوردن و سعوودییە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و بەرپرسانی پارێزگای ئەنبار و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەموو بە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن ئاشکرایان کرد کە: "شارۆچکەی روتبە لە پارێزگای ئەنبار بە تەواوی رزگارکرا و هێزە عێراقییەکان و چەکدارانی هۆزەکان توانیان ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەکانی شارۆچکەکە هەڵبکەن".
شارۆچکەی روتبە نزیکەی 360 کم لە شارئ رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنباری عێراقەوە دوورە و لە ناوەڕاستی ساڵی 2014وە کەوتبووە بندەستی داعش.
هاوکات سەرۆک کۆماری عێراق فوئاد مەعسووم پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد بە بوونەی گرتنەوەی شارۆچکەی روتبە لە لایەن هێزەکانی عێراقەوە.
ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شارۆچەی روتبە لە رۆژی 16/5/2015 دەستیپێکرد لە سێ قۆڵەوە بە بەشداریی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هۆزەکان و حەشدی شەعبی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی ساڵی 2015 هێزە ئەمنییەکانی عێراق شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباریان لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکردووە، بەڵام هێشتا چەند شارێکی ئەنبار لە بندەستی داعشدایە.
ئا: ئا ، ف