ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی سووریا کوژران و بریندار بوون
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک لە سەنمەین سەر بە پارێزگای دەرعا، سێ ئەندامی هێزەکانیان کوژراون و ژمارەیەک ئەندامی دیکەش بریندار بوون، بەهۆی ئەو پێکدادانانەوە، قەدەخەکردنی هاتوچۆی کاتی لە سەنمەین سەپێندرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا کە ‘سانا’ بڵاویکردووەتەوە، روونیکردەوە، گرووپێکی چەکداریی لە یاسا دەرچوو، بە سەرپەرشتیی ئەو داواکراوە، هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکە و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیاندا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە و لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانیان کوژراون و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئاسایش بڵاوەیان پێکراوە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەندامانی ئەو گرووپە و ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا تێوەگلاون. فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای دەرعا بڕیاریدا قەدەخەکردنی کاتیی هاتوچۆ لە سەنمەین جێبەجێ بکرێت تا ئەو کاتەی دۆخی ئەمنیی شارەکە سەقامگیر دەبێتەوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەخت دەکەنەوە، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا دەستیان هەبووە و هیچ سازشێک لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بەرامبەر بەوانە ناکەن.