عێراق كارگەیەكی كەشتی دادەمەزرێنێ
دەیەوێت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان وەبەرهێنان لە بەندەرەکان بکات

K24 - ھەولێر
بە مەبەستی دامەزراندنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کەشتی، کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی هۆڵەندی واژۆ دەکات.
فەرحان موحسین، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان هەوڵدەدات لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان وەبەرهێنان لە بەندەرەکان بکات، لە دیارترینیان کۆمپانیای (دامن)ـی هۆڵەندی کە پسپۆرە لە بواری پیشەسازی کەشتی، چونکە یەکێکە لە کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی جیهان لەو بوارەدا.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بەندەرەکان ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتوون لەسەر هاوپەیمانی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیاکە بۆ دامەزراندنی چەندین پڕۆژە لە ئایندەدا، لە گرنگترینیان دامەزراندنێکی شارێک بۆ کەشتی و تایبەتمەندبێت بە دروستکردنی کەشتی لە شۆستەکانی ئوم قەسر. جەختیش دەکاتەوە ژینگە و کەشوهەوای عێراق ئارام و لەبارە بۆ ئەو پیشەسازییە.