عێراق بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی هاوتای نەوت رادەگەیەنێت
لە مانگێكدا گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 612 هەزار پێ سێجای رۆژانە

K24 - ھەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانی گازی هاوتای نەوت، لە ماوەی مانگێكدا گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 612 هەزار پێ سێجای رۆژانە.
وەزارەتی نەوت ئامارێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە بەرهەمهێنانی گازی هاوتای نەوت لە مانگی شوباتدا لە تەواوی عێراقدا گەیشتووە 2 ملیۆن و 612 هەزار پێ سێجای رۆژانە.
بەگوێرەی ماڵپەری فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو گازەی سووتێندراوە گەیشتووەتە ملیۆنێک و 315 هەزار پێ سێجای رۆژانە.
روونیشی کردووەتەوە، بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی نەوتی باکوور و ناوەڕاست لە گازی هاوتای نەوت گەیشتووەتە 307 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، ئەو بڕەی سووتێندراوە 58 ملیۆن مەتر سێجا، هەروەها بەرهەمی گازی هاوتای نەوت لە کۆمپانیاکانی بەسڕە و زیقار و میسان 2 ملیۆن و 305 هەزار پێ سێجای رۆژانە بووە و ئەوەی سووتێندراویشە ملیۆنێک و275 هەزار پێ سێجای رۆژانە بووە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، بەرهەمهێنانی گازی وشک لە عێراق گەیشتووەتە هەزار و 227 ملیۆن پێ سێجا و بەرهەمهێنانی گازی شلیش گەیشتووەتە شەش هەزار تۆنی رۆژانە.