مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

لەبارەی هێرشە تیرۆرستییەکان دوان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24- هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسانی 2021 لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاووشئۆغلۆ گفتوگۆیان دەربارەی هێرشی تیرۆریستیی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی باشیک کرد.

هەردوولا بە تووندترین شێوە هێرشەکانیان سەرکۆنە و ئیدانە کرد و لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا دەبن . لێکۆڵینەوەش لە هێرشەکان بەردەوامە.

پێشتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندبوو: ''هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی''.

هەروەها راشیگەیاندبوو: ''خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن''.

هێرشەکە بەهۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو، ئامانجەکەشی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.