كۆمكاری عەرەبی سەركۆنەی ھێرشەكەی سەر ھەولێری كرد
ئهحمهد ئهبولغێت: سەقامگیری ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە سەقامگیری عێراق
K24 – ھەولێر:
ئەمینداری گشتی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی، ئەحمەد ئەبولغێت سەركۆنەی ئەو ھێرشەی كرد، كە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و گوتی: ئەو ھێرشە "بەردەوامبوونی ئەو كارە وێرانكاریانەیە، كە ئامانج لێی لەناوبردنی ھەیبەتی دەوڵەتی عێراق و لەباربردنی ئاسایش و سەقامگیریییە لە تەواوی عێراق.
ئەبولغێت ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیاندراوێكدا جەختیكردەوە "سەقامگیری ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە سەقامگیری عێراق"، داوای رووبەڕووبوونەوەی ههموو ئەو ھەوڵانەشی كرد، كە یەكێتی عێراق و سەروەرییەكەی دەكەنە ئامانج.
ئاماژەشیكرد، كۆمكاری عەرەبی پشتیوانی لە ھەوڵەكانی حكومتی عێراق دەكات "لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكی لە یاسا دەرچوو و سەپاندنی یاسا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و ئەمن و سەقامگیریی".
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان دوێنی ئێوارە رایگەیاند، ھێرشێكی مووشەكی ناوەندی ھێزەكانی هاوپهیمانی نێودەوڵەتیی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لهرێگهی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانهوه كردە ئامانج و ھێرشەكە ھیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتەوە.