كۆرۆنا زیاتر لە یەك ملیۆن كەسی لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان بێكار كردووە

"پارێزگاكانی كرماشان، ئیلام و سنە زۆرترین بێكاری بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی ئێران تێدایە"

رێژه‌ی بێكاری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رزبووه‌ته‌وه‌
رێژه‌ی بێكاری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رزبووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

قەیرانی ئابووری و ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان وایكردووە، كە رێژەی بێكاری بەرزبێتەوە، ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بەھۆی كۆرۆنا بێكاربوونە، ئەو دۆخە لە رۆژھەڵاتی كوردستان دژوارتریشە، چونكە بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەدۆخی ئاساییشدا رێژەی بێكاری لە رۆژھەڵاتی كوردستان زۆرە.

بەراورد بە بەشەكانی دیكەی ئێران ھەمیشە رێژەی بێكاری لە رۆژھەڵاتی كوردستان زۆر بووە، ئێستا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەرفەتی كار زۆر کەمتر بووە. بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران ھەر یەك لە پارێزگاكانی كرماشان، ئیلام و سنە زۆرترین بێكاری بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی ئێران تێدایە و ئەوەش بە روونی بە شەقامەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانەوە دیارە.

جەواد حوسێن زادە، سەرۆكی ناوەندی ئاماری ئێران ئاشكرایكرد، كە (41%)ی ئەو كەسانەی لە تەمەنی كاركردندان بێكارن، بەگوتەی حوسێنزادە ئەو رێژەیە پێشتر (20%) بووە، بەڵام تەنیا لەیەك ساڵی رابردوودا بە ھۆی كۆرۆنا زیاتر لە یەك ملیۆن و (100) ھەزار كەس بێكاربوونە، ھەربۆیە ژمارەی بێكاران دووقات بووە. ئێستا ئەو كەسانەی لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەدوای كاری حكومیدا دەگەرێن تەواو نائومێد بوون، ھەربۆیە دەیانەوێت بەداھاتێكی كەمتر خۆیان دەرفەتێكی كار بۆخۆیان بدۆزنەوە.

قەیرانی ئابووری، گەمارۆكانی ئەمه‌ریكا و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەلایەك و نەبوونی كارگە و پڕۆژەی گەورە لە رۆژھەڵاتی كوردستان لەلایەكی دیكەوە وایكردووە كە بێكاری وەكو دیاردەی لێبێت و بەشی زۆریشیان بە ناچاری یان دەبێت بچنە شارەكانی دیكەی ئێران، یانیش سەركێشی بكەن و لەو شاخانە دەست بە كۆڵبەری بكەن.

د.ی

Fly Erbil Advertisment