هونەرمەندێکی کورد لە لایەن پاپای ڤاتیکانەوە خەڵات دەکرێت
"هیوادارم بۆ ساڵی (2022) بتوانم بە زمانی دایك بەرهەمێك تۆمار بکەم"
K24 - ههولێر:
ئۆپێرا لقێکی باڵای هونەرە، بەجۆرێک میوزیک ئاوێزانی شیعر و دراما و شێوەکاری و پلاستیکی جەستە و سەما دەبێت و سەرجەم جوانییەکانی هونەرەکان وەخۆ دەگرێت، هونەرمەندی کوردی رووسیا "دامە سڤێتلانە کەسییان"، یەکێکە لە ئەستێرە نێودارەکانی رووسیا و جیهان و زیاتر لە (25) ساڵە لە سەر شانۆ مەزنەکانی جیهان بە دەنگە ئەفسوناوییەکەی گۆرانی ئۆپێرا دەچڕێت، چەند جارێک پاپای ڤاتیکان لە کۆنسێرتەکانی بەشداربووە، لە پای خزمەتی هونەر و کولتور، پاپا فرانسیس مەدالیای "شاسواری سیلڤیستەری پیرۆز" و نازناوی دامەی پێبەخشیووە.
سڤێتلانە، یەکەم ژنە هونەرمەندی ئۆپێرایە لەسەر ئاستی جیھان لە مێژووی ڤاتیکاندا ئەو خەڵاتەی پێدراوە، لە فیچەرێکی کوردستان24دا " باس لە ژیانی خۆی دەکات.
سڤێتلانە کەسییان، لە شاری باتومی جۆرجیا لە دایکبووه، له تەمەنی (9) ساڵان لەگەڵ دایک و براکەی و داپیری چوونهته کازاخستان بۆ لای خوشکی دایکی لە "ئاکتوبێ"، لەوێ تا تەمەنی ١٧ ساڵی خەریکی خوێندن بووه، پاشان بەردەوام بووم لە گەڕان بەدوای مامۆستای دەنگدا، بۆ ئەوەی دەنگی خۆی گەشە پێبدات و بەردەوام بێت لە چڕینی ئۆپێرا و پێشکەوتن لە چینەکانی دەنگدا.
سڤێتلانە گوتی: "سەرەتا لە ئەستراخان گیرسامەوە، لەوێ ساڵێك خوێندم لە کۆلێژ، پاشان هاتم بۆ مۆسکۆ بۆ پەیمانگای مۆسیقای میری، دیارە دەستبەجێ نەمتوانی بێ بەرانبەر بخوێنم، دەبوو پاسپۆرتی کازاخستان بگۆڕم و ببمە هاوڵاتی رووسیا، دواتریش هێواش هێواش دەبراین بۆ "بەلشۆی تیاتر"، کەم و زۆر چالاکیمان هەبوو، لێرەوە ئیدی ژیانی پیشەیی من وەکو هونەرمەند و تا ئاستی سۆپرانۆ لە ئۆپێرا خەت و خاڵی دا".
گوتیشی: "دامە سڤێتڵانە کاسییان-م، دامە-م چونکە منیش وەک "سێر ئێلتن جۆن"، کە ئەو نازناوەی لە شاژنی بەریتانیا وەرگرتووە، تەنیا ژنم لە ھونەری ئۆپێرادا کە مەدالیای "شاسواری سیلڤیستەری پیرۆز" و نازناوی "دامە"م لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە پێبەخشراوە، ئەمەش لە پای دەستکەوتەکانم لە بواری کولتور و ھونەردا، بێگومان ئەمە دیارییەکی زۆر بە بەهایە، ئەوەی زیاتر خۆشحاڵم دەکات ئەوەیە کە من تاکە ژنم لەسەر ئاستی جیھان لە لایەن پاپای ڤاتیکان ئەم خەڵاتەم پێ بەخشراوە".
سڤێتلانە باس له ههستهكانی خۆی دهكات كاتێك لهسهر ستهیجهكان لهبهردهم کەسایەتییە ناودار و باڵادەستەکان یان جەماوەری ئاسایی ئۆپێرا دەچڕێت، "بۆ من جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، من لە هەموو شوێنێکدا رووحی خۆم تێکەڵ بە مۆسیقاکەم دەکەم، ئەم لایەنە بۆ من وەک هونەرمەند زۆر گرنگە، بێگومان گەلێ خۆشحاڵم کە هونەرەکەم هەڵدەسەنگێندرێت و بایەخی پێدەدرێت".
سڤێتڵانە ئاماژهی بهوه كرد، "بەر لە تهشهنهكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەندین خەڵات و نازناوم وەرگرت، پارساڵیش لە ئیتاڵیا بەخشینی خەڵاتی سۆرێنتۆ هەبوو، من خەڵاتی رۆما-م وەرگرت، دیارە تەنیا کەس بووم کە لە رووسیاوە ئەو خەڵاتەم بردەوە و باقی خەڵکەکە لە ئەوروپاوە وەریان گرتووە، بۆ من شانازییەکی گەورەیە".
ئاماژهی بهوهش كرد، "ئەوەی مرۆڤی هێند مەزن گوێ بۆ هونەر و کارەکانی من رادێرن سرووشبەخشە بۆ بەردەوامی و کاری باشتر، هەرچەند ئەمەش وزە و کاتی زۆری دەوێت، كاتێك خەڵکی پشوو دەدەن، من تێکست بە زمانی بیانی ئامادە دەکەم، دیارە ئێستا بەهۆی پەتاوە شێوازی ژیانی هەموومان گۆڕاوە، بۆیە بەبایەخەوە لە گرێبەست و ئیشەکان دەڕوانین".
سهبارهت به پلانی داهاتووی سڤێتڵانە ئاشكرای كرد، "پلانم هەیە بۆ چڕین بە زمانی دایك، بەڵام ئێستا باسی پلانەکان ناکەم، لە هەموو بارێکدا هیوادارم بۆ ساڵی (2022) بتوانم بە زمانی دایك بەرهەمێك تۆمار بکەم".
د.ی