دۆسیەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفال لەباربرا
"حكومەتی عێراق نایەوێت قەرەبووی كهسوكاری قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە"

K24 - ههولێر:
ئەگەرچی ئەرکی بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە، بەڵام یاساناسان ئاماژە بەوەدەکەن کە بەهۆی ئەوەی سەرکردەکانی رژێم لە دادگایەکی ناوخۆییدا دادگاییکران، دەرفەتی بە جینۆساید ناساندنی ئەو دۆسیەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەباربرا، چونکە حكومەتەکانی عێراق نەیاندەویست قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال بکەنەوە.
جیا لە داوای قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری ئەنفالکراوان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئەوەی ئێستا کورد چاوی لێیەتی، بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەکەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم ئەرکەش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.
سەوسەن محەمەد، سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی گوتی: "پێویسته لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی چالاك بین و جینۆسایدكردنی گهلی كورد به جیهان بناسێنین، تا ئێستا كهس و كاری شههیدان و ئهنفالكراوان له لایهن حكومهتی فیدراڵییهوه قهرهبوو نهكراونهتهوه، لهكاتێكدا قوربانییهكانی خۆیان قهرهبوو كراونهتهوه".
ئەم دۆسیەیە بێ گرفت نییە، چونکە وەک ئەوەی "هەڵمەت غەریب"، پسپۆڕی یاسایی باسی كرد، ئەستەمە دۆسیەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێندرێت، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە سەرانی رژێم لە دادگایەکی ناوخۆییدا دادگایی کراون.
لەسەر ئاستی عێراق، دۆسیەکە وەک جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەنییە قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە بۆ ئەوەی کەمێک لەو خەم و ئازارە کەمبکاتەوە، کە زیاتر لە (30) ساڵە لە دەروونی کەس و کاری ئەنفالکراوان دایە.
د.ی