پێنوێنی هەژاری لە عێراق بەرزبووەتەوە
ھەژاری لە عێراق بۆ 27% بەرزبووەوە

K24 - ھەولێر
وەزارەتی پلاندانانی عێراق نوێترین پێنوێنی هەژاری پەیوەست بە بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئێستا بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی هەژاری لە نێوان 26% بۆ 27% بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کۆتاییان بە داڕشتنی پلانی چاکسازی و گەشانەوە هێناوە، کە بۆ ماوەی دوو ساڵە و لەسەر سێ ئاراستە کاردەکات.
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە ، دوای دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، رێژەی هەڵاوسان بە رێژەی 4.9% تاوەکو 5 بەرزبووەتەوە. هەروەها رێژەی هەژاری گەیشتووەتە 26% تاوەکو 27%.
روونیشی كردووەتەوە، وەزارەتی پلاندانان کۆتایی بە داڕشتنی پلانی چاکسازی هێناوە کە چارەسەری تەحەدا هەنووکەییەکان دەکات، ئامانج لێی دەرچوونی عێراقە لە قەیرانی دارایی و تەندروستی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەمەنی پلانەکە دوو ساڵە واتە لە 2021 تاوەکو 2023، سێ ئاراسە لە خۆدەگرێت، یەکەمیان بە باشکردنی ئاستی ئابووری و پشتیوانی لە کەرتی تایبەت، دووەمیان کۆمەڵایەتی، ئەوەش لە رێگەی پاڵپشتی لە ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە بواری تەندروستی و پەروەردە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، سێیەمیان کارکردنە بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی جیاوازی گەشەی پارێزگاکان.