وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەبارەی دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینەوە دەدات
روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە
K24- هەولێر:
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هەواڵی دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینەوە دوورە لە راستییەوە وەک ئەوەی هەندێک میدیا باسی دەکەن، هێشتا لەوبارەوە بڕیار نەدراوە.
بەگوێرەی روونکردنەوەیەکی وەزارەتی دارایی: ''ئەو بابەتە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بڕیاری لێدەدات كە چەندی مووچە تەمویل دەكرێت لەسەر بنەمای داھاتی نەوتی و نا نەوتی و دواتر وەزارەتی دارایی بڕیارەكە جێبەجێی دەكات''.
دەقی روونکردنەوەکە:
ھەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن ھەواڵێكیان بڵاوكردووەتەوە گوایە؛ وەزارەتی دارایی و ئابوری داوای كردووە گەنجینەكان لیستی دابەش كردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ئامادە بكەن بە تەمویل كردنی ٧٩٪ ی مووچە یاخود لێبڕینی ٢١٪، لێرەوە بەھەموولایەكی رادەگەیەنین كە؛ ئەو بابەتە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بڕیاری لێدەدات كە چەندی مووچە تەمویل دەكرێت لەسەر بنەمای داھاتی نەوتی و نا نەوتی و دواتر وەزارەتی دارایی بڕیارەكە جێبەجێی دەكات، بەھیچ شێوەیەك ئەم بڕیارە تایبەت نییە تەنھا بە وەزارەتی دارایی و ئابوری بەڵكو پەیوەستە بەھەموو ئەنجومەنی وەزیرانەوە.