هه‌ژاری ته‌نگی به‌ دانیشتوانی خاكه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی عێراق هه‌ڵچنیوه‌

رێژەی تێكڕایی ھەژاری لە عێراق لە ساڵی 2020 دوو بەرامبەر بووە و 40% لە دانیشتوانی عێراق كە ژمارەیان 40 ملیۆن كەسە، بەپێی پێوەری بانكی نێودەوڵەتی ھەژارن

ھەژاری لە عێراق
ھەژاری لە عێراق

K24 – ھەولێر:

راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئەمڕۆ چوارشەممە دەرچووە، مەزندە دەكات رێژەی ھەژاری لە عێراق لە 7 تا 14% زیاد بكات لە دوای بڕیاری حكومەتی عێراق لەمەڕ كەمكردنەوەی بەھای دینار، كە لە ئەنجامدا نرخی ماددە خۆراكییەكان بەرزبووەتەوە.

راپۆرتەكە، كە ھەر یەك لە رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) و بەرنامەی خۆراكی جیھانی و بانكی نێودەوڵەتی بەشدارییان لە ئامادەكردنی كردووە، دەڵێت: بڕیاری كەمكردنەوەی بەھای دراوی ناوخۆیی لە ماوەیەكی نزیكدا دەبێتە ھۆی زیادبوونی ژمارەی ھەژاران لە نێوان 2.7 ملیۆن بۆ 5.5 ملیۆن ھاووڵاتی عێراقی.

راپۆرتەكە گوتیشی: ئەو ژمارانە دەخرێنە سەر ژمارەی پێشوو، كە نزیكەی 6.9 ملیۆن عێراقییە و ھەر لە بنەڕەتدا پێش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ھەژار بوون.

راپۆرتەكە، ناوی "كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر ئەمنی خۆراك لە عێراق"ە ، ئاماژەیكردووە، حكومەتی عێراق رووبەڕووی "ئەركی قورس بووەتەوە لە ھەوڵەكانیدا بۆ بەرەنگابوونەوەی ڤایرۆسەكە و پاراستنی تەندرووستی خەڵك و بەگەڕخستنەوەی ئابوورییە داتەپیویەكەی".

راپۆرتەكە دەڵێت: توێژەكانی ھەرە لاواز و پەك كەوتوو، لەوانەش ئاوارەكانی ناوخۆیی و پەنابەران و گەڕاوەكان لە كەمپەكان، ئەو كەسانەن كە زیاترین زیانمەندن لە ئەنجامی پەتای كۆرۆنا و ئەو رێكارانەی حكومەت لەگەڵیدا گرتوویەتەبەر.

رێژەی تێكڕایی ھەژاری لە عێراق لە ساڵی 2020 دوو بەرامبەر بووە و 40% لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە، كە ژمارەیان 40 ملیۆن كەسە، بەپێی پێوەری بانكی نێودەوڵەتی ھەژارن.

دیناری عێراقی 25% لە بەھاكەی خۆی لەدەستداوە و حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی، كە 20% دانیشتوانی پێكدێنن بۆ ماوەی یەك دوو ھەفتە و جاری وا ھەیە بۆ مانگێك دوا دەخات.

بانكی ناوەندی لە كۆتایی ساڵی رابردوو، نرخێكی نوی بۆ دراوی نیشتیمانی دەستنیشانكرد و بەھای دۆلاری بەرزكردەوە بۆ 1450 دینار لە بەرامبەر 1190 دینار پێش بڕیارەكە.

لە ئەنجامی ئەو بڕیارەش بازرگانەكان نرخی ماددە خۆراكییە كشتوكاڵییەكانیان بەرز كردەوە بە ڕێژەی 20% و ھەندێك جار زیاتریش لەو رێژەیە.

عێراقییەكان لە میانی ساڵی 2020 رووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری ئابووری بوونەوە، ئێستاش دوا بەدوای پەسندكردنی بودجەی 2021 لە سەرەتای ئەم مانگە، مەترسی ھەیە، رەوشەكە خراپتر ببێت، چونكە لە بودجەدا زۆر كاركراوە لەسەر دەستگرتنەوە، كە لەوانەیە عێراقییەكان دووچاری فشاری زیاتر بكات لە میانی ئەم ساڵدا.

Fly Erbil Advertisment