123 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی تێدەپەڕێت

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان: ناوی رۆژنامەنووسی بە ھەندێك كەسەوە دەلكێندرێت، كە لە بنەمادا رۆژنامەنووس نین

رۆژنامەی كوردستان
رۆژنامەی كوردستان

K24 - ھەولێر

123 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی تێدەپەڕێت، لە یاسای ژمارە 35 ساڵی 2007 تایبەت بە رۆژنامەگەری کوردیش ئەرک و مافەکانی رۆژنامەنووسان دیاریکراوە، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژە بەوەدەکات، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی کاری رۆژنامەوانی بشێوێندرێت و تێکەڵ بە چالاکی سیاسی بکڕێت.

رۆژنامەی كوردستان، یەكەم رۆژنامەی كوردییە، كە یەكەم ژمارەی لە 22ی نیسانی ساڵی 1898 لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی پایتەختی میسر چاپكرا، ئەمەش وەرچەرخانێكی رۆشنگەریی لە كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و بووە دەستپێكی قۆناغی رۆژنامەگەری لە كوردستان.

ئازاد مە‌حەمەدئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان نیگەرانە لە دۆخی ئێستای رۆژنامەگەری كوردی و بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەوڵێك ھەیە بۆ چەواشەكاری و بەلاڕێدا بردنی كاری كاری رۆژنامەگەری، رۆژنامەنووس ئەوەیە كە لە دەزگایەكی راگەیاندنی ناسراو كار دەكات و پیشەی سەرەكی رۆژنامەنووسییە و بەو داھاتە دەژیت كە بە رۆژنامەنووسی دەستی دەكەوێت".

گوتیشی: "بەداخەوە لە كوردستان لەكاتی روودانی ھەندێك رووداو ھەوڵدەدرێت، ناوی رۆژنامەنووسی بە ھەندێك كەسەوە بلكێندرێت، كە لە بنەمادا رۆژنامەنووس نین. ئەو ھەوڵانە خزمەت بە بواری رۆژنامەگەری و بەرژەوەندی باڵای ھەرێمی كوردستان ناكەن ".

Fly Erbil Advertisment