ئه‌مڕۆ خولی نایابی كوردستان جیاوازترین ڕۆژی تێپه‌ڕ كرد

له گه‌ڕی سێیه‌می قۆناخی كۆتایی خولی نایابی كوردستان 3 یاری به‌ڕێوه‌چوون، هه‌ر 3 یانه‌كه‌ی میواندار له نیو یاریگه‌ی خۆیان تووشی شكست بوون، یانه‌كانی سیروانی نوێ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان گۆڵبارانی شێروانه و زاخۆیان كرد، به‌هائه‌دین به‌كر هێرشبه‌ری سیروانی نوێ بووه یه‌كه‌مین یاریزان له‌م وه‌رزه سووپه‌رهاتریك بكات.
زاخۆ ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر
یانه‌ی زاخۆ دوای دوو شكستی له‌سه‌ریه‌ك له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر كرد.
له‌و یارییه‌دا زاخۆ یاری به زیاد ئه‌حمه‌دی هێرشبه‌ری تیپی خولی عێراقی یانه‌كه‌ی كرد.
له ده‌ستپێكی یارییه‌كه‌دا پێشمه‌رگه زوو گورزی خۆی وه‌شاند و له رێگه‌ی ڕه‌وا یووسف گۆڵی پێشكه‌وتنی كرد، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی پێشمه‌رگه كۆتایی هات.
دواتر له نیوه‌ی دووه‌م عه‌بدوڵڵا سه‌ربه‌رست ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌سه‌ر زاخۆ قورس‌تر كرد و گۆڵی دووه‌می بۆ پێشمه‌رگه زیاد كرد.
له كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه‌ش بارز سه‌رتیپ گۆڵی سێیه‌می پێشمه‌رگه‌ی تۆمار كرد و به ته‌واوه‌تی زاخۆی بێهیوا كرد، پێش فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه رێكار هاشم گۆڵی چواره‌می پێشمه‌رگه‌ی كرد و به ته‌واوه‌تی زاخۆ ئاڵای سپی هه‌ڵكرد و یارییه‌كه به 4 گۆڵی بێوه‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی پێشمه‌رگه كۆتایی هات.
هه‌ندرێن ـ برایه‌تی
له دێربی شاری هه‌ولێر، یانه‌ی هه‌ندرێن له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی برایه‌تی كرد، هه‌ندرێن له ده‌ستپێكی یارییه‌كه له رێگه‌ی مایسترۆی یانه‌كه‌ی هێمن نازم گۆڵی یه‌كه‌می كرد.
دواتر پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوانی فیكه‌ی كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌م لێ بدات، سه‌فین عه‌بدولخالق له خوله‌كی 45 ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ برایه‌تی یه‌كسان كرده‌وه و ئه‌م نیوه‌یه به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
له خوله‌كی 64ـی نیوه‌ی دووه‌م بیلال ساڵح مایسترۆی هێڵی ناوه‌ندی برایه‌تی ئاسیستێكی بۆ شێرزاد حوسێن كرد و گۆڵی دووه‌می برایه‌تی لێ به‌رهه‌م هات، یارییه‌كه‌ش به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك به‌سوودی برایه‌تی ته‌واو بوو.
شێروانه ـ سیروانی نوێ
سیروانی نوێ دوای شكسته‌كه‌ی یاریی رابردووی، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجامه سه‌ردانی كه‌لاری كرد و رووبه‌ڕووی شێروانه‌ی ئه‌و شاره بووه‌وه و به نیو ده‌رزه‌ن گۆڵه‌وه گه‌ڕایه‌وه سلێمانی.
یانه‌ی سیروانی نوێ له رێگه‌ی راستگۆ فه‌ریق گۆڵی پێشكه‌وتنی تۆمار كرد، دواتر له هێرشێكی به‌مۆ غه‌ریب یاریزانی باڵی راستی شێروانه كاتێك خۆی خزانده نێو ناوچه‌ی سزای سیروانی نوێ و به‌ریه‌ككه‌وتن ڕوویدا و ناوبژیوانی فیكه‌ی لێدانی پێناڵتی لێدا، عه‌لی كاكه‌مینه لێدانه‌كه‌ی به سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێ كرد و ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌م، فرزنده محه‌مه‌د به ئاسیستی حه‌مزه عه‌باس گۆڵی دووه‌می سیروانی نوێی كرد بۆ دووه‌مجار له یارییه‌كه تیپه‌كه‌ی پێشكه‌وت.
سیروانی نوێ ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌سه‌ر شێروانه سه‌ختتر كرد كاتێك به‌هائه‌دین به‌كر به ئاسیستێكی میران محه‌مه‌د گۆڵی سێیه‌می تۆمار كرد، هه‌مان یاریزان ئه‌مجاره‌یان به ئاسیستی په‌یام ئه‌حمه‌د گۆڵی چواره‌می سیروانی نوێ تۆمار كرد.
دواتر ئه‌ركان ڕه‌حیم هێرشبه‌ری شێروانه كه به ئه‌كی ناسراوه دووه‌مین كارتی زه‌ردی له یارییه‌كه وه‌رگرت و كارتی سووری به‌دوایدا هات و له یاریگه كرایه ده‌ره‌وه.
پاشان به‌هائه‌دین به‌كر دیسان گه‌ڕایه‌وه و هاتریكی كرد و گۆڵی پێنجه‌می سیروانی نوێی له یارییه‌كه تۆمار كرد، هه‌مان یاریزان پێش كۆتایی هاتنی یارییه‌كه سووپه‌رهاتریكی كرد و سیروانی نوێی رده خاوه‌نی شه‌شه‌مین گۆڵ، یارییه‌كه‌ش به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی سیروانی نوێ به ئه‌نجامی 6 گۆڵ به‌رامبه‌ر 1 گۆڵێك كۆتایی هات.