چەند رێنماییەکی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەردەکرێت
مەرج بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو دیار دەکرێ

K24 – هەولێر
وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، چەند رێنماییەکی نوێیان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەرکرد.
دەرکردنی ئەو رێنماییانە دوای کۆبوونەوەیەکی نێوان بەڕێوەبەری گشتی گومرگەکان و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک دراوە و تێیدا هاتووە، ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، دەبێ ئەم کەموکوڕیانەی نەبێت:.
-ژێرئاو کەوتوو، سووتاو، بڕاوە نەبێت.
-شاسی بڕاوە یان لەحیم کراو نەبێت.
-توکمەی دەرگا یان سەری بڕاوە نەبێت.
-هەردوو ئێرباگی شوفێر و تەنیشت شوفێر کار بکات.
لە خاڵێکی دیکەی رێنماییەکاندا ئاماژە بەوەکراوە، 10 جۆر ئۆتۆمبێل رێگەپێدراوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن.
هەر بەپێی رێنماییەکان، رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو دەدرێت بە مەبەستی چاککردنەوە، بە مەرجێک جۆری لێدراوەکە بەپێی رێنمایی ژمارە 4ی ساڵی 2020 ی هەموارکراو بێت، نابێ پێش چاککردنەوەنەوەیان ئەو ئۆتۆمبێلانە بچنە سەر شەقامەکان، بەپێچەوانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بە بڕی یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێن.


ئەم رێنماییانە دوای ئەوە هات لە میانی بەرنامەی (بنکۆڵی)ی کوردستان24 بە بەشداری چەندین میوان لە لایەنی پەیوەندیدار وردی باس لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە لێدراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان کرا.
تەواوی ئەو ئەڵقەیەی بەرنامەی بنکۆڵ کە باسی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کرا: