رووداوهكهی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا
K24- ههولێر:
روودوای ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە باشووری بەغدا زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا، ماوهی سێ رۆژ ماتەم لە عێراق راگەێندراوە، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لە پەیامێکی توندا داوای كرد، لە 24 کاتژمێردا کەسانی کەمتەرخەم بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن، ھۆکارەکەشی ئاشکرا بکرێت و نەڵێن بە ھۆی تەزووی کارەباوە بووە.
یهحیا ئهمین، كه شایهتحاڵه و لە نزیکی روداوەکە بووه، بۆ کوردستان ٢٤ دەدویێت و دەلێت: بۆ ئەوەی جلەکانمان ئاگر نەگرێت لهگهڵ خەڵکی گەڕهك خۆمان روتکردەوە و چووینە ژوورەوە بۆ دەرھێنانەوەی تەرمەکان، کە زۆربەیان ببوون بە خەڵوز دیمەنهكان بهشێوهیهك کارەساتبار بوون، كه شایهنی باسكردن نین.
ئاماژه بهوهش دهدات، "چووینە ژوورەوە ھەندێکمان هێنانە دەرەوە تەندروستیان زۆرخراپ بوو، بەڵام زۆرێکیان لە قاوشەکە بوون بە سووتاوی هەڵمانگرتن، ھەندێکیانیش یان دەستیان یان قاچیان یان بە تەنیا سەریان لەو ناوە کەوتبوو، دیمەنێك بوو وەسف ناکرێت، زۆر ناخۆش بوو، بەرگری شارستانی دوای کاتژمێرێك و سی خولەك هاتن، ئێرە دوو ئەمبولانسی لێیە، بەڵام لەکارکەوتوونە و کارناکەن".
کاتژمێر 10:15 خولەکی شەوی رابردوو بوتلێکی ئۆکسجین لە نھۆمی دووەمی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە کۆرۆنا لە بەشی ئینعاش تەقیەوە، تەواوی ئەو نھۆمە گڕی گرت و سووتا، پاش یهك کاتژمێر و نیو تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئهمبولانس گەیشتنە شوێنی رووداوەكه و لهماوهی دوو کاتژمێر و نیودا ئاگرەکەیان كۆنترۆڵ كرد، ئەمەش تووڕەیی ھاووڵاتیانی بە دوای خۆیدا ھێنا، چونکە نەیانتوانیوە وەك پێویست نەخۆش و سووتاوەکان رزگار بکەن.
ههر لهوبارهشهوه هاووڵاتییهك بهناوی عیسا ئهحمهد بهنجهی كهمتهرخهمیی ئهو رووداوه بۆ حكومهت دهسهڵاتدرانی دریژ دهكات و دهڵێت: (یانی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان نیە لێرە دای بنێن! وهڵڵا ئەگەر بەرگری شارستانی زوو فریای رووداوهكه بكهوتایه بە چەند دەقەیەك ھەموو ئاگرەکەیان دەکوژاندەوە، چونکە ئاگرەکە زۆر کەم بوو، ئەو ھەموو قوربانیەشی نەدەبوو، بڕوا بکە خەڵکی وا ھەژاری تێدا بوو سێ مانگە لەو نەخۆشخانەیە لە بەشی ئینعاش بە ھۆی کۆرۆناوە خەوێندرابوو و رەوشی ماددی زۆر خراپە، کەچی بە ئاسانی گیانی لە دەستدا، یەکێکی دیکە ھاتە ژوورەوە دایکی رزگار بکات، خۆی و دایکیشی گیانیان لەدەستدا، مندالێکی ١٣ ساڵیی لێبوو خۆی و دایکی سووتان و مردن، ئەمە خوا قبوڵی دەکات!! وهڵڵا ھەموو خەتای حکومەتە).
لە ئاکامی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب 82 کەس گیانیان لە دەستدا و 110 کەسی دیكهش بریندارن، ھاوکات ژمارەیەك لە قوربانیانی رووداوەکە بە ھۆی شێواوی جەستەیانەوە نەناسراوەنەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش ھەڵوێستی وەرگرت و لە دانشتنێکی نائاساییدا بڕیاریاندا، ھەریەك لە وەزیری تەندروستی، پارێزگاری بەغدا و بەڕێوبەری تەندروستی رەسافە دەست لە کار بکێشنەوە و رەوانەی دادگایان بکەن بۆ لێکۆڵینەوەكردن لهگهڵیان و لە ماوهی پێنج رۆژدا ئەنجامی لێکۆلێنەوەکە ئاشکرا بکرێت، ھەروەھا حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەرگای نەخۆشخانەکانی واڵا کردووە بۆ ھاوکاریکردنی بریندارەکانی ئەو رووداوە.
H.B