دارستانەكانی كوردستان پاك دەكرێنەوە

"ماوەی 9 رۆژ بەردەوام دەبێت"

K24 - ھەولێر

بڕیارە ھەڵمەتی پاككردنەوەی دارستانەكانی ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ماوەی 9 رۆژ بخایەنێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان: "لە 23ی ئەم مانگەدا هەڵمەتی پاككردنەوەی دارستانەكان لە پارێزگاکانی ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكات، تا رۆژی 2ی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت".

 لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵدا ھاتووە: "ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر باران باریووە و ئەوەش وایكردووە گژ و گیایەكی زۆر دارستانەكان بگرێتەوە و وەزارەتی كشتوكاڵیش هەڵمەتێكی فراوان بۆ پاککردنەوەیان دەستپێدەكات، لەو هەڵمەتەدا سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتیەکانی سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ بەشداری تێدا دەكەن".

وەزارەتی كشتوكاڵ داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەكات وەك دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم و رێکخراوە ژینگەییەکان كە هاوکاریی وەزارەت بکەن لە ئەنجامدانی ھەڵمەتی پاككردنەوەی دارستانەكان".