نرخی نەوت بەرزبووەوە
نەوت رووی لە هەڵکشان کردەوە

K24 - هەولێر
نرخی نەوت دوای دابەزینی لە دوایین دانیشتنی بازاڕە داراییەکانی ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە نرخەکەی بە رێژەی نزیک لە %1 بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوە نرخی نەوت دوای ئەوە دێت، کە خواست لەسەر بەرزبوونەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە هیندستان بە ئاڕاستەی زیادبوون دەچن، ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوو لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، دوای ئەوەی لە رۆژی رابردوو بەهاکەی بە رێژەی 0.7٪ لەدەستدابوو.
لە دوایین مامەڵەکاندا لە کاتژمێر 1:30 بە کاتی هەولێر یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 65 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات یەک بەرمیل نرخی نەوتی خاوی تێکساسیش بە 62 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی نەوت دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رووبەڕووی داڕوخانێکی گەورە بووەوە، بەڵام لەگەڵ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا و ئاساییبوونەوەی ژیان لە زۆربەی وڵاتان، جارێکی دیکە نرخی نەوت گەشانەوەی بەخۆیەوە بینی و توانی بگاتەوە ئاستەکانی سەروو 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
محەمەد هادی