ئۆپیك پڵه‌س کۆبوونەوەکانی لەسەر بازاڕی نەوت ده‌هێنێته پێشه‌وه
سه‌رۆكی رێكخراوی ئۆپیك: ئاماژەی ئه‌رێنی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی گەشەی ئابووری جیهان و پیشەسازی نەوت هاتوونه‌ته ئاراوه

K24- هه‌ولێر:
سەرچاوەیەك لە ئۆپیك پڵه‌س ئاشکرایکرد، وڵاتانی ئەندام له رێكخراوه‌كه‌یان کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی وەزاریی ئەو رێکخراوە بۆ چاودێرکردنی بازاری نەوت بۆ ئەمڕۆ سێشەممەی هێناوه‌ته پێشه‌وه، ئامانجیش لەو کۆبوونەوەیە تاووتوێکردنی دۆخی بازاڕی نەوتە.
سەرۆکی رێکخراوی ئۆپیك، محەممەد بارکیندۆ رایگەیاند، ئاماژەی ئه‌رێنی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی گەشەی ئابووری جیهانی و پیشەسازی نەوت هاتوونه‌ته ئاراوه.
پێشتریش جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا، ئەلێکساندەر نۆڤاك، بە میدیاکانی راگەیاندبوو، ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی بازاری جیهانی نەوتە.
رێکخراوی ئۆپی; پڵه‌س لە ساڵی رابردوو کۆی بەرهەمهێنانی بە قەبارەی 9 ملیۆن و 700 هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمکردبووەوە، ئەمەش بەهۆی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر بازاری وزه و کەمبوونەوەی خواست له‌سه‌ر نه‌وت، هاوکات بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵیش کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بۆ ئاستی 6 ملیۆن و 900 هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزاندووە.
بەپێی پلانی ئەو رێکخراوەش لە مانگی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 6 ملیۆن و 550 هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانە كه‌م ده‌بێته‌وه و بۆ مانگی حوزەیرانیش بۆ 6 ملیۆن و 200 هه‌زار بەرمیلی رۆژانه کەم دەبێتەوە، لە مانگی تەمموزیش دایدەبەزێنن بۆ 5 ملیۆن و 760 هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیك و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو رێکخراوە له‌سه‌ر ئه‌وه رێککەوتوون، کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە، ئه‌مه‌ش لە پێناو پارێزگاریكردن له بازاری نەوت و دۆخی ئابووری ئەو وڵاتانەی کە نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتیانە.
H.B