پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ چاودێری جێبەجێکردنی بودجە پێکدێنێت
"بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنەکانی بودجە دەکات"

K24 - هەولێر
ئەمدامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە لیژنەیەک بۆ چاودێری جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە پێکدێنن، لیژنەکە لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان پێکدێت.
ناجی ئەلسەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکرد: "دوای پەسەندکردنی بودجە و بڵاوکرانەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی، لیژنەیەک لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پێکدەهێنن، بۆ ئەوەی چاودێری جێبەجێکردنی بڕگەکانی جێبەجێکردنی بودجەی 2021 بکات".
راشیگەیاند "ئەو لیژنەی پێکدەهێندرێت بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنەکانی بودجە دەکات، وەک بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان و رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، جەختیکردەوە: "لەم چەند رۆژەی ئایندە لیژنەکە پێک دەهێندرێت، بۆ ئەوەی دەست بە کارەکانی بکات، یەکەم جار لە وەزارەتی دارایی و فەرمانگەکانی دەوروبەری بەدواداچوون دەکات".