به‌و 5 مه‌رجه‌ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ بۆ ئه‌م یاریگه‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌

دی برۆین ناوه‌راستكاری مان سیتی و كریستیان پۆڵیسیچ هێرشبه‌ری چێڵسی
دی برۆین ناوه‌راستكاری مان سیتی و كریستیان پۆڵیسیچ هێرشبه‌ری چێڵسی

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا رازی بووە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ئەستەنبۆڵەوە بگوازرێتەوە لەندەن بەڵام پێنج مەرجی داناوە لە نێوانیان ئامادەبوونی هاندەران و بەڕێوەچوونی یارییەکە لە یاریگای وێمبڵی بێت، یوێفا داواش لە دوو یانە ئینگلیزیەکە دەکات قەرەبووی دارایی تورکیا بکەنەوە و 40 ملیۆن پاوەن بەو وڵاتە ببەخشن.

ئیستەنبۆل هەڕەشەی لەسەرە بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک لە میوانداریکردنی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بێبەش بکرێت، دوای ئەوەی فایناڵی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو بەهۆی کۆرۆنا لە تورکیا نەکرا، ئێستاش خودی بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە جدی دەستی بە رێکارەکانی گواستنەوەی یاریی کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە بۆ بەریتانیا کردووە، چونکە تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە بەریتانیا قەدەغەی گەشتی بۆ دەرکردووە، حکومەتی بەریتانیا پێیوایە بە گەیشتنی دوو یانەی ئینگلیزی بۆ یاریی کۆتایی هیچ بیانویەک ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لەم دۆخە رێگری لەم هەنگاوەی بکرێت، بەتایبەت لە کاتێکدا حکومەتی ئەو وڵاتە بەدوای راگەیاندنی سەرکەوتن دەگەڕێت دوای ئەوەی لە بەرهەمهێنانی پێکوتەی دژە کۆرۆنا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئامادەن یارییەکەش بە ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە ببەن، بەڵام یوێفا پێنج مەرجی داناوە بۆ ئەوەی دوا یاریی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە لە لەندەن بکرێت، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێریشدا چارەنووسی یاریی کۆتایی یەکلادەکرێتەوە.

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی ئاشکرای کردووە یوێفا رازی بووە کە یاریی کۆتایی لە ئیستەنبۆڵەوە بگوازرێتەوە لەندەن بەڵام بەو مەرجەی یارییەکە لە یاریگای وێمبڵی بکرێت و ئەو یاریگایانە رەتدەکاتەوە کە پێشنیار کراون، لەوانە یاریگای ئیمارات و تۆتێنهام.

مەرجێکی دیکەی یوێفا ئامادەبوونی هاندەرانی هەردوو یانە لە 22500 هاندەر کەمتر نەبیت، ٤٨ کاتژمێر بەر لە یاریی کۆتاییش هیچ چالاکییەک لە یاریگای وێمبلی نەکرێت بۆ ئەوەی مان سیتی و چێڵسی بتوانن لەو یاریگایە ئامادەکاری بکەن.

هاوکات یوێفا داوای لە بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا کردووە چەند کەسایەتییەک و رۆژنامەنووسان بانگهێشت بکەن بۆ ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا ئامادەبن بەبێ ئەوەی کێشەیان بۆ دروست بکەن و کەرەنتین بکرێن.

یوێفا داوا لە یانەکانی چێڵسی و مانسیتیش دەکات کە هەریەکەیان لە ٢٠ ملیۆن پاوەند لە خەڵاتە داراییەکانیان خۆش ببن بۆ ئەوەی وەکو قەرەبوو بدرێتە تورکیا لەبەرامبەر بەڕێوەنەچوونی یاریی کۆتایی لەو وڵاتە چونکە تورکیا بڕێک پارەی لەپێناو ئامادەکاری بۆ یاریی کۆتایی خەرج کردووە.

Fly Erbil Advertisment