کۆرۆنا دەرفەتی کاری لە دەروازەی مەندەلی کەمکردووە

بە رێژەی زیاتر لە (70%) بەراورد بە پێش کۆرۆنا دابه‌زیوه‌

ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مه‌نده‌لی
ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مه‌نده‌لی

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری شارەدێی مەندەلی رایگەیاند، دەرفەتی کار لە دەروازەکان کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران بە رێژەی زیاتر لە (70%) بەراورد بە پێش کۆرۆنا کەمیکردووە.

مازن ئەکرەم، بەڕێوەبەری شارەدێی مەندەلی بە وەکالەت رایگەیاند، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە دەروازەی مەندەلی گەڕاونەتەوە سەر کار، ناگاتە (30%)، هۆکاری سەرەکیش کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیە لەگەڵ ئێران، بە جۆرێک بەراورد بە ئاستی ئاسایی خۆی سەدا 50 دابەزیوە.

روونیشیكرده‌وه‌، ئەو کەسانەی بەر لە پەتای کۆرۆنا لە دەروازەکە کاریان دەکرد، ژمارەیان لە سەرووی هه‌زار کرێکار دەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەکەیان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هۆکارەکەشی بۆ چەندین فاکتەر دەگەڕێتەوە، لە دیارتریان بەربەست و پێناسە گومرگییەکانە، بە پێچەوانەی ئاسانکارییانەوە کەلە دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا فەراهەم کراوە، وه‌ك دەروازەی پەروێزخان، ئەوەش وایکردووە زۆربەی بارەکان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکرێن.

هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکە لە رۆژانی جەژن، سەدا 30 بۆ 35 کەمی کردبوو، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەش لە دەوازەکەوە کاڵایان هاوردەکردووە، رۆژانە بۆ 30 تا 50 بارهەڵگر کەمیکردووە.

 

د.ی

Fly Erbil Advertisment