ئێران وەبەرهێنان لە دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەکات
بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەی سزاکان

K24 - ههولێر:
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، نزیکەی (4.5%)ی کۆی پڕۆسەی کانزاگەری لە دراوی بیتکۆین لە وڵاتی ئێران ئەنجام دەدرێت، کە تاران لە رێگەیەوە سەدان ملیۆن دۆلاری لە دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەستدەکەوێت، کە بۆ کڕینی هاوردە و کەمکردنەوەی سزاکانی سوودیان لێ وەردەگرێت.
بە گوێرەی توێژینەوەی کۆمپانیای "بلۆک چەین ئێلیپتیك"، ئێران ساڵانە نزیکەی ملیارێك دۆلاری لە کانزاگەری دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەستدەکەوێت، بەڵام ژمارەی ورد تاوەکو ئێستا بەردەستنین. هەروەها بە بە گوێرەی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی وزەی ئێران نزیکەی 600 کەس لە ئێران کاری کانزاگەری دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن.
سەرەڕای ئەوەی بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە قەدەغەکراوە، بەڵام بەشێوەیەکی فراوان لە بازاڕی رەشی وڵاتەکەدا کاری لەسەر دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەمهێنانی بیتکۆین و دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە لە رێگەی پڕۆسەیەکەوە ئەنجامدەدرێت، کە پێی دەگوترێت کانزاگەری، ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، پێویستییان بە ئامێری کۆمپیتەری بەهێز هەیە بۆ ئەوەی هاوکێشە بیرکارییە ئاڵۆزەکان شیکار بکات، کە بەکارهێنانی ئەو کۆمپیتەرە بەهێزانەش پێویستی بە وزەی کارەبای زۆر هەیە.
د.ی