فرانکۆ بەتیاتۆ له گۆرانییهكدا باسی خهباتی مهلا مستهفا بارزانی دهكات
له ساڵی 1979دا گۆرانییهكهی گوتووه و کوردی ناسیووە و لەخەمی ئازارەکانیدا بووە
K24 - ئەوروپا:
ئەو هونەرمەندەی بەر لە 42 ساڵ ناوی شۆڕشی کورد و مەلا مستەفا بارزانی لە گۆرانییەکیدا رەنگیدایەوە، کوردی ناسیووە و لەخەمی ئازارەکانیدا بووە، هەفتەی رابردوو له تهمهنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
چەندین لە گۆرانییەکانی بۆ گەلانی زوڵملێکراو و ژێردەست و چەوساوە گوتووە، "فرانکۆ بەتیاتۆ" لە 23ی ئاداری 1945 هاتووهتە دونیاوە و بە ناوی "یۆنیا" بانگکراوە، زوو جێگای لەناو هونەری موزیك و بوارە هونەرییەکاندا کردووهتەوە، بە تێکەڵکردنی ستایلەکانی موزیکی پۆپی ساڵانی شەستەکان، کەسێک بووە لەو کەسانەی موزیکی رۆکی هێناوەتە ناو موزیکی ئیتاڵیاوە، دواتر بەرەو موزیکی فۆلکلۆری و ئەلیکترۆنی و کلاسیکی ئۆپێرا چووە.
کاری هونەریی "بەتیاتۆ" لە شەستەکانی سەدی رابردوودا دەستی پێکردووە، کە بۆ یەکەم جار لەگەڵ "گرێگۆریۆ ئالیکاتە"ی هاوڕێی، گۆرانییەکی رەخنەئامێزیان بەناوی (فرۆشیاری گەڕۆك) بڵاوکردەوە و لەبەردەم قوتابخانەکاندا نمایشیان دەکرد. ساڵانی دواتر خۆی تەرخانکرد بۆ موزیکی تاقیگەری بەدەنگی ئەلیکترۆنی. ساڵانی هەشتاکان ساڵانی دەرکەوتن و ناساندنی "فرانکۆ بەتیاتۆ" بووە، ساڵی 1981 بە گۆرانی (پێر ئێلیزا) بەشداری فێستیڤاڵی سانرێمۆی موزیکی ئیتاڵی کرد و نازناوی فێستیڤاڵەکەی بردووهتەوە.
فرانکۆ بەتیاتۆ، لەگەڵ خەمی بەردەوامی کێشەی ئیتاڵییەکاندا، لەخەم و چەوسانەوەی گەلانی ژێردەست و زوڵملێکراویشدا بووە، ساڵی 1979 ئهلبومێکی بەناوی سەردەمی بەرازی سپی بڵاوکردەوە، لەناویدا گۆرانییەک بەناوی :رێگاکانی رۆژهەڵات"، باس لە خەمی ئەوکاتەی رووداوەکان دەکات، لە نیوەی گۆرانییەکەیدا ئاوڕ لە کێشەی کورد و خەباتی رزگاریخوازی شۆڕشی کورد دەداتەوە، کە ناچاری شەڕکردنەوە کراونەتەوە و بە تێکست دەڵێت: (تورك و عێراقییەکان وایان لە مەلا مستەفا بارزانی کرد بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ)، بەوەدا دیارە کە "بەتیاتۆ" کوردی ناسیووە و لەخەمی ئازارەکانیدا بووە.
فرانکۆ بەتیاتۆ، 3 ساڵە بەهۆی نەخۆشییەکەوە، کە هەرگیز رانەگەیەندراوە و بە نهێنی ماوەتەوە و لەهەموو پرسیارکردنەکانیشدا لەماوەی نەخۆشییەکەی بە جۆرێک وەڵامی داوەتەوە، کە نەزانرێت هۆکاری نەخۆشکەوتن و وازهێنانی لەکاری هونەری بۆ چ نەخۆشییەک دەگەڕێتەوە! رۆژی 18ی ئەم مانگە لە ماڵەکەی خۆی و شوێنی لەدایکبوونی لە "میلۆ"ی هەرێمی سیسیلیا لە باشووری ئیتاڵیا، لە تەمەنی 76 ساڵیدا ماڵئاوایی لەجیهانی هونەرێک کرد، کە هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردبوو.