چوار سەرکردەی دیکەی حەشدی شەعبی ده‌ستگیركران

ململانێی حەشد و حکومەت هەڵبژاردنی پێشوەختە دەخاتە مەترسی

K24 - هه‌ولێر:

پاش دەستگیرکردنی "قاسم موسلح" فەرماندەی ئۆپه‌راسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بە ماددەی چواری تیرۆر و تۆمەتی کوشتنی "ئیھاب وەزنی" چالاکوانی پاریزگای کەربەلا و ئەو کاردانەوە توندەی گروپەکانی حەشدی شەعبی دژ بە حکومەتی عێراقی لە سەر ئەم رووداوە، ئەمرۆ جارێکی دیكه‌ بەتێوەگلانی ھەمان بابەت، "حەسەن میسباح" و 3 سەرکردەی دیكه‌ی حەشد لە کەربەلا دەستگیرکران، ئەمەش ململانێکانی نێو ماڵی شیعەی قوڵترکردووەتەوە، بە جۆرێک کە مەترسی تەواوی خستووەتە سەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

پەرلەمانتارێکی رەوتی حیکمەش بەکوردستان24ی راگەیاند، ناڕەزایەتییەکانی شەقام زیادیانکردووە و ئەم وڵاتە بێ یاسا و پڕ لە گرووپی چەکداری ناشەرعییە و دەبێت حکومەت بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت بگۆڕدرێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق مەترسییەکانیش بۆ سەر ئەو پڕۆسەیە زیادیان کردووە، سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسێكدا ئاماژەی بەوە کرد، کە چەند بەربەست ھەبێت ئەستەمە ھەڵبژاردنی پێشوەخت دوا بخەین، چونکە داوای ھاوڵاتیان و خەڵکی ناڕازی لە سەرە، لەگەڵ ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، وەزارەتی دەرەوە داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کە چاودێری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن و ئەوانیش بڕیاریان دا چاودێر رەوانەی عێراق بکەن، پەرلەمانتارێکی رەوتی حیکمە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە ئەم حکومەتە بگۆڕێت و بەھەڵبژاردن حکومەتێکی نوێ بێتە پێشەوە.

ستار جابری، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە گوتی: "تاکو ئێستا کازمی ھیچکام لە مەرجەکانی بوون بە سەرۆک وەزیرانی جێبەجێنەکردووە، تاکو بەسەرکه‌وتووی بزانین، لە رووی سیاسییەوە، لە رووی چەکدارە نایاساییەکانەوە، ھەروەھا شەقام لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت نییە و بێ یاسایی بەم وڵاتەوە دیارە، جگە لەوەش تاکو ئێستا ناڕەزایەتی ھەیە و خەڵکی توڕەن و کار بۆ ئەوە دەکەن، شۆڕشی خۆپیشاندانەکانی تشرین بگەڕێننەوە، بۆیە ئەمە وای کردووە، ھەندێک لایەنی سیاسی لەگەڵ ئەوە بن ھەڵبژاردن بکرێت، من پێم وایە ئەم ھەڵبژاردنە لە کاتی خۆی دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی حکومەتێکی تازە بێتە پێشەوە".

بەشی ھەرە زۆری لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە تایبەت حزبە گەورەکانی شیعە ترسیان لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە، کە ببێتە ھۆی کەمکردنەوەی کورسییە پەرلەمانییەکانیان، بۆیە تا ئێستاش ھەوڵی تانە لێدانی ئەو یاسایە دەدەن لە دادگای فیدراڵی و دەیانەوێت بیلکێنن بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان، ئەگەر ئەوەشیان پێ نەکرێت، بەچەند سیناریۆیەک کار بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی عێراق دەکەن.

سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، له‌ قازانجی كه‌سدا نییه‌ و تانه‌دانیش له‌ یاسای هه‌ڵبژاردن، یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كان و ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان یه‌كێك بێت له‌ سیناریۆكان".

لە کاردانەوەی دەستگیرکردنی "قاسم موسلح"، فەرماندەی ئۆپه‌راسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنباڕ، "قەیس خەزعەلی" و "عەلی عەسکەری" و چەندین سەرکردەی دیكه‌ی حەشدی شەعبی بە راشکاوی "موستەفا کازمی"، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان بەوە تۆمەتبارکرد، كه‌ ئەو سەرکردەی حەشدی بۆ ئەوە دەستگیرکردووه‌، تاکو دۆخی ئەمنی لە ناکاوی عێراق رابگەیەنێت و ھەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەنەچێت، ئەم رووداوەش ململانێکانی نێو ماڵی شیعەی قوڵترکردووەتەوە و تا ئێستاش لێدوانە دژ بەیەکەکانیان بەردەوامە.

د.ی

Fly Erbil Advertisment