قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ بەغدا نزیکین لە رێککەوتنی کۆتایی

شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەڕایەوە هەولێر

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر

دوای چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێم، شەوی رابردوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەڕایەوە هەولێر. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند " لەگەڵ بەغدا نزیکین لە رێککەوتنی کۆتایی".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری دەکرد لە بەغدا، لە تویتێکدا نووسیویەتی "لە بەغداوە گەڕاینەوە هەولێر. نزیکین لە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە".

ئاماژەی بەوەشداوە: "نیازپاکی لە هەردوو لاوە لە پابەندبوون بە دەقی یاساکە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هەرێم، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم-یش دەباتە قۆناغێکی نوێوە".

لە 30/5/2021 شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت چووە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری نەوت و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق گفتوگۆیان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان کرد.