نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەبێتەوە

پێشبینی دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 80 دۆلار

نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

نرخی نەوتی خاو لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بۆ بەرزترین ئاستی چەندی ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ خێراکردنی دابەشکردنی پێکوتەی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە، کە بەهۆیەوە بەربەستەکانی گەشتیاری هەڵگیراون خواست بۆ سووتەمەنی زیادیکردووە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئاب بە رێژەیی 0.47٪ بۆ 73.52 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی تەمموز بە رێژەی 0.61٪ بۆ 71.62 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە باکووری ئەمەریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئاستی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا گەڕاوەتەوە، لەگەڵ هەڵگرتنی رێوشوێنەکان جووڵەی ئاسمانی دەستیپێکردووەتەوە.

هاوکات ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیش لە راپۆرتی مانگانەیدا ئاماژەی بەوەدابوو، کە پێویستە وڵاتانی ئۆپێک پڵەس ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی خواست پڕ بکەنەوە.

هەروەها هەفتەی رابردووش بانکی گۆڵدمان ساکس رایگەیاندبوو، پێشبینی دەکەن نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە وەرزی هاویندا بۆ 80 دۆلار بەرزبێتەوە.

Fly Erbil Advertisment