بێگەرد تاڵەبانی: بەرهەمهێنانی پەتاتە لە کوردستان لە 400 هەزار تۆن نزیکبووەتەوە

وەزیری کشتوکاڵ: بەرهەمی جوتیارانی کوردستان دەنێرینە بازاڕەکانی جیهان

K24 - هەولێر

وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە لە 400 هەزار تۆن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی جووتیار بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر لە پەتاتە، لە ناحیەی روڤیای سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك گوتی: "بەرهەمهێنانی پەتاتە بە هەردوو جۆرەکەی خواردن و پیشەسازی لە کۆتایی ساڵی 2020  بەشێوەیەک زیادیکردووە کە ئێستا نزیک بووەتەوە لە 400 هەزار تۆن، کە جووتیاران لەسەر رووبەری 28 هەزار دۆنم زەوی داچاندن دەکەن، ئەمەش وایکردووە سەدان جووتیاری لێهاتوو سەرقاڵی ئەم بەرهەمە ستراتیژییە بن و دەیان کارگەی گەورە و مامناوەند بۆ بە پیشەسازیکردنی پەتاتە دابمەزرێت و هەزاران هەلیکاریش بڕەخسێت، هەروەها رۆژانە مۆڵەتی دەیان کۆگای ساردکەرەوە بدەینە جووتیاران بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان".

گوتیشی: "رکابەرییەکی جوان لەنێوان کارگەکان هاتووەتە ئاراوە، بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەم و بەرزکردنەوەی کوالێتی و پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕی هەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش".

وەزیری کشتوکاڵ ئاشکراشی کرد: "خەریکی گرێبەستێکین لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، کە وادەکات بەرهەمی کوردستان بگاتە بازاڕەکانی جیهان".

 

Fly Erbil Advertisment