لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی وەزارەتی کارەبا روونکردنەوە دەدات

"کێشەکان چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران"

کارەبا
کارەبا

K24 – هەولێر

لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی خستەڕوو، رایدەگەیەنێت "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەلە و لە کارکەوتنی دوو وێستگەی دیکەی گازی لە هەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات کەمبووەتەوە".

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند: "لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش بە رێژەی (600) مێگاوات بەرز بووەو  -لە سەرەتای مانگی حوزەیران، خواست لەسەر کارەبا (3800) مێگاوات بوو".

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەشکراوە: "کێشە تەکنیکییەکانی وێستەگەکانی لە کارکەوتوو بەم زووانە چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران".

دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی کارەبا:..

  - لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەلە و لەکارکەوتنی دوو وێستگەی دیکەی گازی لە هەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی (400) مێگاوات لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات نزمبووەوە.

  -هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەباش بە ڕێژەی (600) مێگاوات بەرز بووەوە.

  -لە سەرەتای مانگی حوزەیران، خواست لەسەر کارەبا (3800) مێگاوات بوو.

  -لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خواست لەسەر کارەبا بۆ (4400) مێگاوات بەرزبووەوە.

  -کێشە تەکنیکییەکانی وێستەگەکانی لە کارکەوتوو بەم زووانە چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران.

  -بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕووی کارەبا و کەمکردنەوەی بۆشاییەکە بۆ پێدانی کارەبای زیاتر داوا لە هاوڵاتییان دەکەین دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن و ئەو ئامێر و گلۆپانەی کە زۆر پێویست نین کەم بکەنەوە، بەتایبەتی ئەو هاوبەشانەی کە پێوەری زیرەکیان نەبەستووە و دەگاتە 52% هاوبەشانی کارەبا.

وەزارەتی کارەبا

Fly Erbil Advertisment