داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت سوودمەند بن لە بڕیاری لێخۆشبوونی نرخی ئاو
نزیکەی 150 ملیار دینار قەرزی ئاو لای ھاووڵاتیانە

K24 - هه‌ولێر:
داوا لە ھاوبەشانی ئاو دەکرێت بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوو‌ن لە بەشێکی زۆر لە نرخی ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەکان لە نزیکترین کاتدا سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەکە پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی بە رێژەیەکی زۆر لێخۆشبوو‌ن بیانگرێتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە رێنماییه کۆنەکەی وەرگرتنی کرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکانی لە بەرژەوەندی ھاوبەشانی ئاو ھەموارکردەوە و بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی کرێی ئاوی خواردنەوە.
بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکە بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆھەر مانگێک لە 45 ھەزار دینار زیاتر بێت، جگە لە کەمکردنەوەی قەرزی ئاو ئێستا 23%ی کرێی ئاویش کەم کراوەتەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان گوتی: "كرێی ئاوی ماڵان تا رێژه‌یه‌ك ده‌وه‌ستێت، كه 45 هه‌زار دیناره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی له 1ی ئه‌یلوولی 2019ـه‌وه پێوه‌ری ئاویان به‌ستووه و له‌وماوه‌یه‌دا 9 جار خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه، ئه‌گه‌ر له هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كدا 45 هه‌زاری زیاتری بۆ هاتبێته‌وه، ئه‌وا ته‌نیا 45 هه‌زار دیناری بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌و هاوبه‌شانه‌یه، كه پێوه‌ری ئاویان به‌ستووه".
لە چەند رۆژی داھاتوودا بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و پێویستە ھەرکەسێک قەرزی ئاوی لایە، بیداته‌وه، ئەم بڕیارە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە پێوەری ئاویان بەستووە و ئەو کەسانەشی کە پێوەریان نەبەستووە، لە بڕیارەکە سوودمەند نابن.
ئەندازیار ئەحمەد رەزا، بەرپرسی بەشی بەستنی پێوەر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو گوتی: "تا ئێستا زۆربه‌ی ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی دێن قه‌رزه‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌وانه‌ن كه بۆ پاكانه دێن".
ئەگەر ھاووڵاتییەك لە پێشووتر لە یەک مانگدا لە 45 ھەزار دینار زیاتری بۆ ھاتبێتەوە، بۆی رێکدەخرێتەوە و لەم مانگەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت، ئەو ھاووڵاتییانەی پێوەریان نییە، بۆ سێ مانگ 100 ھەزار دینار بوو، دوای سێ مانگ دەبووە 200 ھەزار دینار، بەڵام ئێستا گۆڕاوە و جێگیرکراوە و بووەتە 80 ھەزار دینار، بەڵام باشترین و سەرەکیترین میکانیزم بۆ زانین و کۆنتڕۆڵکردنی ئاو لەلایەن ھاووڵاتیانەوە پێوەری ئاوە.
لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان نزیکەی 950 ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەیە، کە نزیکەی 62%یان پێوەری ئاویان بەستووە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی 150 ملیار دینار قەرزی ئاو لای ھاووڵاتیانە.
د.ی