هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به سه‌ركردایه‌تی یاریزانه كورده‌كانی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا

هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق به سه‌ركردایه‌تی یاریزانه كورده‌كانی یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له پاڵه‌وانێتی لاوانی عه‌ره‌ب به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 24 حوزه‌یرانی 2021، له وڵاتی میسر هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق رووبه‌ڕووی لوبنان بووه‌وه، یارییه‌كه‌ش به دوو گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق كۆتایی هات، هه‌ردوو گۆڵه‌كه‌ش له لایه‌ن دوو یاریزانی كورده‌وه تۆمار كران كه له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یارییان ده‌كرد.
له خوله‌كی 16 بڵند حه‌سه‌ن یه‌كه‌مین گۆڵی خۆی به درێسی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق تۆمار كرد، ئه‌و یاریزانه كورده نیشته‌جێی ئه‌ورووپایه و یاریی بۆ یانه‌ی دی غرفشابی هۆڵه‌ندی ده‌كات.
دواتر له خوله‌كی 60ـی نیوه‌ی دووه‌م، عه‌بدولقادر ئه‌یوب یاریزانی كوردی یانه‌ی هه‌ولێر گۆڵی دووه‌می بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق تۆمار كرد كه ئه‌مه دووه‌مین گۆڵی ئه‌و یاریزانه بوو له دوو یاریی عێراق له پاڵه‌وانێتییه‌كه.
عیماد محه‌مه‌د راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق 6 یاریزانی كوردی بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق كردووه، كه پێكهاتوون له عه‌لی شاخه‌وان، عه‌بدولقادر ئه‌یوب، بڵند حه‌سه‌ن كه ئه‌م 3 یاریزانه به‌رامبه‌ر لوبنان له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یارییان كرد، 3 یاریزانه‌كه‌ی دیكه‌ش مه‌سڕور فه‌خره‌دین، رێبه‌س حوسێن و شوان سیروانه كه ئه‌م 3 یاریزانه كورده‌ش یاریی بۆ یانه‌كانی هه‌ولێر، دۆرتمۆند و لازیۆ ده‌كه‌ن و سه‌رجه‌میان ئێستا بۆ به‌شدارییكردن له پاڵه‌وانێتی لاوانی عه‌ره‌ب له وڵاتی میسرن.ش
پاڵه‌وانێتی عه‌ره‌ب بۆ خوار ته‌مه‌ن 20 ساڵان كه له وڵاتی میسر به به‌شداریی 20 هه‌ڵبژارده به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه دابه‌شكراون به‌سه‌ر چوار كۆمه‌ڵه، هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق له كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م هاوشانی سه‌نیگال، دوورگه‌كانی قه‌مه‌ر و لوبنان یاری ده‌كات له دوو یاری ته‌نیا یه‌ك سه‌ركه‌وتنی تۆمار كردووه و به 3 خاڵ له پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.


