به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێم مه‌ترسییه‌كانی قه‌یرانی كه‌مئاوی و وشكه‌ساڵی ده‌خاته‌ڕوو
پلانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه ده‌خاته‌ڕوو و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه: رێژه‌ی ئاوی كانیاو و كارێزه‌كان له ناوچه شاخاوییه‌كانیش له كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدان

K24- هه‌ولێر:
ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ده‌ركه‌وتنی ئاماژه‌كانی وشكه‌ساڵی و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی كه‌مئاوی له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پێشتر له مانگه‌كانی 3 و 4ی ئه‌مساڵ، ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی پێشبینیمان بۆ ده‌ركه‌وتنی كاریگه‌رییه‌كانی وشكه‌ساڵی له ناوچه لیته‌یی و پێده‌شتاییه‌كان كردبوو، به‌ڵام به‌گوێره‌ی داتا و زانیاری نوێ، ئه‌و كاریگه‌رییه له ناوچه شاخاوییه‌كانیش ده‌ركه‌وتوون و خه‌ریكه سه‌رچاوه‌كانی ئاو و كانیاوه‌كان به‌ره‌و وشكبوونه‌وه ده‌چن.
ئه‌م گوتانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی به‌شداریكردنی له بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كاتژمێر 18:00ی كوردستان24ـدا هاتوون و دووپاتیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا روو ده‌دات، هۆشدارییه‌كه بۆ وشكه‌ساڵی، به‌ڵام پێویسته هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی له هه‌رێمی كوردستان دوایین داتا و زانیاری له‌باره‌ی رێژه‌ی وشكه‌ساڵی له هه‌رێمی كوردستان رابگه‌یه‌نن.
هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی وشكه‌ساڵی له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان:
ئاری ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی وشكه‌ساڵی پرسێكی دوولایه‌نه، یه‌كێكیان ئاوی خواردنه‌وه‌یه، كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و 14 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو له سه‌رانسه‌ری كوردستان، به پشتبه‌ستن به 5 هه‌زار و 700 بیر و 91 پڕۆژه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی له سه‌رانسه‌ری كوردستان، ئه‌و خزمه‌تگوزارییه به بڕی یه‌ك ملیۆن و 900 هه‌زار تا 2 ملیۆن و 100 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین ده‌كات.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان، رێكخستنه‌وه‌ی تۆڕه‌كان، به‌رده‌وامبوونی سه‌رچاوه‌كان و گه‌یاندنی ئاوه به كوالیتێكی به‌رز به‌گوێره‌ی ستاندارده‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان به هاووڵاتییان.
ئاشكراشیكرد، تا ئێستاش ئه‌و بڕه ئاوه به هه‌مان بڕ دابین ده‌كرێت، هه‌رچه‌ند ئێمه رووبه‌ڕووی چه‌ندین ته‌حه‌دیات بووینه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی كه ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی له دابه‌زین به‌رده‌وامه، یانیش ئه‌و شوێنانه‌ی كه ئاوی كانی و كارێزه‌كان روویان له كه‌مبوونه‌وه كردووه و گوتیشی: رێژه‌ی 25%ی ئه‌و ئاوه‌ی بۆ هاووڵاتییان دابین ده‌كرێت، له‌ڕێگه‌ی كانی و بیر و كارێزه‌كانه‌وه‌یه.
سه‌باره‌ت به لایه‌نی دووه‌میش ئاری ئه‌حمه‌د گوتی: لایه‌نی دووه‌م ئه‌و لایه‌نه‌یه كه خزمه‌تگوزارییه‌كه وه‌رده‌گرێت، كه ئه‌ویش هاوڵاتیانن. ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی كه‌مئاوی و وشكه‌ساڵی به هه‌ماهه‌نگی نه‌بێت له نێوان حكومه‌ت و هاووڵاتییان، له‌وانه‌یه تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه ئه‌سته‌م بێت، هه‌م بۆ هاووڵاتییان و هه‌میش بۆ حكومه‌ت. بۆیه ده‌توانین بڵێین: رۆڵی هاووڵاتی له‌م بابه‌ته‌دا هیچ له رۆڵی حكومه‌ت كه‌متر نییه، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه ده‌بێت هاووڵاتی ئه‌و بڕه ئاوه‌ی بۆی ده‌چێت، به‌گوێره‌ی پێویستی خۆی به‌كاری بهێنێت و زیاده‌ڕۆیی له به‌فیڕۆدانیدا نه‌كات.
گرنگی دانانی پێوه‌ری ئاو بۆ ماڵان و رۆڵی ئه‌و پێوه‌رانه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی كه‌مئاوی:
سه‌باره‌ت به دانانی پێوه‌ری ئاویش بۆ ماڵان، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان گوتی: به‌ستی ئه‌و پێوه‌رانه دوو رووی هه‌یه، یه‌كیكیان بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت هاووڵاتیان چه‌ند ئاو به‌كارده‌هێنن، دووه‌میش بابه‌تی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییانه له زیانه‌كانی به‌فیڕۆدانی ئاو، چونكه پێشتر هاووڵاتییان ئه‌و بڕه ئاوه‌ی بۆیان دابین ده‌كرا، به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی به‌كاریان ده‌هێنا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و بابه‌ته یه‌كلا بووه‌ته‌وه و هاووڵاتی ده‌زانێت كه چه‌ند ئاو به‌دیاریكراوی به‌كارده‌هێنێت، لێره‌شدا بابه‌تی هۆشیاركردنه‌وه دێته ئاراوه، كه هاووڵاتی زانی بڕی چه‌ند ئاو به‌كارده‌هێنێت، ئه‌وكات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بڕه ئاوه‌ی بۆی دانراوه، خۆی رێكده‌خاته‌وه.
پلانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و به‌نداوانه‌ی له ئێران و توركیا له‌سه‌ر رووباره‌كان دروست كراون:
ئاری ئه‌حمه‌د له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ كوردستان24 گوتی: ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆ داوامان كردووه، دانوستانی سیاسی هه‌بێت و داوا له ئێران و توركیا بكرێت، پشكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له ئاوی رووباره‌كان له‌به‌رچاو بگیرێت و پێشی لێ نه‌گیرێت و بابه‌تی دروستكردنی ئه‌و به‌نداوانه به هه‌ماهه‌نگی بێت، به‌تایبه‌ت كه رێڕه‌وی به‌شێك له رووباره‌كان له‌لایه‌ن وڵاتی ئێرانه‌وه گۆڕدراوه و له‌ڕێگه‌ی توونێله‌وه گوازراونه‌ته‌وه بۆ شوێنه‌كانی دیكه.
هه‌وره‌ها گوتی: ئاوی هه‌ردوو زێی بچووك و زێی سیروان به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه دێته‌وه نا خاكی هه‌رێمی كوردستان، كه سه‌رچاوه‌كانیان له كانیاو و كارێزه‌كانی كوردستانن و ماوه‌ی نزیكه‌ی مانگێك ده‌بێت، له‌و دوو وڵاته ئاوی رووباره‌كان به‌ته‌واوی گیراونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن وڵاتی ئێرانه‌وه.
H.B