هێزێک بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبای عێراق پێکدەهێندرێت

لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 45 تاوەری کارەبا کراونەتە ئامانج
یەکێک لەو تاوەرانەی لە سنووری مەخموور کراوەتە ئامانج
یەکێک لەو تاوەرانەی لە سنووری مەخموور کراوەتە ئامانج

K24 – هەولێر

دوای تەقاندنەوەی چەندین تاوەری کارەبای عێراق لەلایەن داعش، حکومەتی عێراق بڕیاریدا هێزێکی تایبەت بۆ پاراستنی تاوەرەکان دروست بکرێت.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 45 تاوەری گواستنەوەی کارەبا لەلایەن داعش کراونەتە ئامانج، بە ئامانجی دروستکردنی پشێوی ئەمنیی و زۆرینەی ئەو تاوەرانە چاککراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی کارەبا و هێزە ئەمنییەکان پێکهێندراوە، بۆ پاراستن و چاودێریکردنی تاوەرەکان.

گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق راشیگەیاند، هێزێکی ئەمنی لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری پێکدەهێندرێت، بۆ پاراستنی تاوەرەکان و رێگرتن لە بە ئامانجگرتنیان.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفیەی رابردوو تەنیا لە یەک رۆژدا سێ تاوەری کارەبا لە پارێزگای نەینەوا کرانە ئامانج، بە ئامانجگرتنی تاوەرەکان لەلایەن داعش وایکردووە، قەیرانی کارەبا لە بەشێکی پارێزگاکانی عێراق دروست بێت و ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵک و خۆپیشاندانی گەورەی لێکەوتووەتەوە.