سعوودیه هۆشداری له "حه‌جی قاچاغ" ده‌دات
هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی بكات، رووبه‌ڕووی سزای ماددی ده‌بێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودیه هۆشداری ده‌داته ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت به قاچاغ و رێگه‌ی نافه‌رمی بۆ به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌كانی حه‌جی ئه‌مساڵ، بچنه ئه‌و وڵاته و رایده‌گه‌یه‌نێت، سزای دارایی چاوه‌ڕێیان ده‌كات.
به گوێره‌ی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودیه، له رۆژی 5ی ته‌ممووز تاكو 23ی ته‌ممووز، هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵ بدات بچێته ئه‌و شوێنانه‌ی كه تایبه‌ت به فه‌ریزه‌ی حه‌ج و حاجیانه، سزا ده‌درێت.
به گوێره‌ی وێبسایتی CNNی ئه‌مه‌ریكی، سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودیه بڵاویكردووه‌ته‌وه، جگه له‌وانه‌ی به فه‌رمی رێگه‌پێدانی به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌جیان هه‌یه، هه‌ر كه‌سێك له نزیك مزگه‌وتی حه‌رام و ناوچه‌كانی ناوه‌ند و ده‌وروبه‌ری مزگه‌وته‌كه و مه‌شعه‌ری پیرۆزی مینا و موزده‌لیفه و چیای عه‌ره‌فه ده‌ستگیر بكرێت، سزای دارایی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، كه بڕه‌كه‌ی 10 هه‌زار ریالی سعوودیه، كه ده‌كاته 2 هه‌زار و 666 دۆلار.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، بڕیاره‌كه له چوارچێوه‌ی رێنمایی و رێسا تایبه‌ته‌كانه به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و پاراستنی هاووڵاتیان له تووشبوون به‌و په‌تایه.
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی سعوودیه، تا ئێستا نزیكه‌ی 495 هه‌زار كه‌س له سعوودیه تووشی كۆرۆنا بوونه و 7 هه‌زار و 876 كه‌سیش به په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه.