چەند مووشەکێک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران

چەند مووشەکێک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران

ناوچەی سەوزی بەغدا - ئەرشیف
ناوچەی سەوزی بەغدا - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ مووشەک کرایە ئامانج، بەگوێرەی زانیارییە ئەمنییەکان ژمارەیەک کەس برینداربوون.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/7/2021، گرووپەکانی لە یاسا دەرچوو بە سێ مووشەکی کاتیۆشا، ناوچەی سەوزی بەغدایان کردووەتە ئامانج، کە مووشەکی یەکەم لە نزیک بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کەوتووەتە خوارەوە، دووەمیان لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان و سێیەمیشیان لە نزیک ناوچەی شێخ عومەر کەوتووەتە خوارەوە کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونە و هاووڵاتییەک بەو هۆیەوە بریندار بووە".

ئاماژە بەوەشکردووە: "ئەم جۆرە هێرشانە لە قازانجی عێراق نین، بەڵکو ژیانی هاووڵاتییان و نێردە دیبلۆماسییەکان دەخەنە مەترسییەوە".

هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و بڵاوکراوەتەوە کە یەکێک لە مووشەکەکان باڵیۆزخانەکەی کردووەتە ئامانج، بەڵام سیستمی بەرگری مووشەکی لە باڵیۆزخانەکە مووشەکەکەی دوورخستووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment