بۆ یهكهمجار كوردێك له پرێمهرلیگ یاری دهكات

وەرزی داهاتوو بۆیەکەمجار لە مێژوودا یاریزانێکی کورد لە پرێمەرلیگ یاریی دەکات، پێشبینی دهكرێت ببێته یهكێك له دیارترین بهرگریكارهكانی ئهو خوله، لهمبارهیهوه ئهو یاریزانه كورده دهڵێت: من چهندانجار رهتكرامهوه، بهڵام ئهمجاره بۆ ههمووانم سهلماند.
کاردۆ کامەران سەدیق بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی کریستال پاڵاسی ئینگلیزی واژۆکرد و وەرزی داهاتوو لە تیپی یەکەمی یانەکە بەشداریی پرێمەرلیگ دەکات.
کریستال پاڵاسی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی فەرمی یانەکەیدا رایگەیاندووە هەشت یاریزانی تیپی لاوانی یانەکەیان بۆ ریزی تیپی یەکەمی یانەکەیان سەرخستووە و هەر هەشت یاریزانە لاوەکە گرێبەستی پیشەگەرییان لەگەڵ یانەکە واژۆکردووە، کە یەکێک لەوانە کاردۆ کامەران سەدیق بەرگریکاری لاوی کوردە، کە وەرزی رابردوو کاردۆ لەگەڵ تیپی لاوانی کریستال پاڵاس بوونە پاڵەوان و تیپی لاوانی یانەکەیان لەسەر ئاستی لاوان گەیاندە پرێمەرلیگ.
کاردۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام وێنەی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی ئەم ساتانە جێگای شانازین بۆ من کە یەکەم گرێبەستی پیشەگەرایەتیم لە ژیانی خۆمدا واژۆکرد.
کوڕە کوردە ١٨ ساڵانەکە لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی فەرمی یانەکەی دەڵێت هەرگیز بڕوا بەم ساتانە ناکەم.
کاردۆ کامەران، بەرگریکاری کریستال پاڵاس دهشڵێت: من پێموایە ئەمە خەونی هەموو یاریزانێکە و ئەمە دەستپێکێکە بۆ هەموومان، بەڵام گەشتەکەی من بە چەندان جۆر و لە چەندان شوێن دەستیپێکردووە و من چەند جارێک رەتکراوەمەتەوە بۆیە ئەگەر پێنج ساڵ پێش ئێستا بە منت بگوتبا تۆ دێیتە ئێرە و لەبەردەم کامیرا دەبیت من دەمگوت ئەم پرۆسەیە کاتێکی زۆری پێویستە و سەختە.
کاردۆ بە رەسەن خەڵکی سلێمانییە و دەرچووی ئەکادیمیای یانەی کریستال پاڵاسە پێنج ساڵە لە ئاستە جیاوازەکانی یانە لەندەنییەکە یاریی دەکات و لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاریی کردووە و یەکێکە لەو یاریزانانەی بەربژێرە بۆ ئەوەی بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی خوار ٢٣ ساڵانی عێراق بکرێت و وەرزی داهاتووش لە ژێر سەرپەرشتی پاتریک ڤیێرا راهێنەری نوێی یانەکە لە پرێمەرلیگ یاریی دەکات کە کاردۆ لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند وەرزی داهاتوو ببێتە یەکێک لە بەرگریکارە دیارەکانی پرێمەرلیگ.

