به‌هۆی یاریی كۆتایی یۆرۆ له به‌ریتانیا بایكۆتی ده‌وام ده‌كرێت
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا به نیازه به‌هۆی یاریی ئینگلاند له یاریی كۆتایی یۆرۆ سبه‌ی بكاته پشووی فه‌رمی له سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌كه‌ی.
بڕیاره سبه‌ی یه‌كشه‌ممه، كاتژمێر 10:00ـی شه‌و له یاریگه‌ی وێمبلی له له‌نده‌ن یاریی كۆتایی یۆرۆی 2021 له نێوان هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند و ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌بچێت.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی سه‌نی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسن سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ راوێژكاره‌كانی كابینه‌كه‌ی له گفتووگۆدایه بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند كاتژمێری داهاتوو پشووی فه‌رمی له وڵاته‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت به‌هۆی گه‌یشتنی ئینگلاند بۆ یاریی كۆتایی یۆرۆی 2021.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: مه‌به‌ست له بڕیاری پشووی فه‌رمی له به‌ریتانیا ته‌نیا له پێناو ئه‌وه‌یه له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ناسناوی یۆرۆ له لایه‌ن ئینگلاند ده‌رفه‌ت به هاونیشتیمانیان و خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی بدات ئاهه‌نگی خۆشی و سه‌ركه‌وتن بگێرن.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه، زیاتر له 300 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر داوای مۆڵه‌تیان بۆ رۆژی دووشه‌ممه پێشكه‌شی داموده‌زگایه‌كانی به‌ریتانیا كردووه.
له لایه‌كی دیكه‌ییشه‌وه، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا داوای له كۆمپانیایه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت كردووه هاوكاری كارمه‌ند و كرێكاره‌كانیان بكه‌ن بۆ رۆژی دووشه‌ممه، به‌تایبه‌تی له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ناسناوی یۆرۆ له لایه‌ن هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند.
به گوێره‌ی ئه‌و داتا و ئامارانه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه زیاتر له 8 ملیۆن كه‌س بڕیاریانداوه رۆژی دووشه‌ممه نه‌چنه سه‌ر كار و خۆیان بۆ ئاهه‌نگێران ئاماده كردووه له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی نازناوی یۆرۆ له لایه‌ن وڵاته‌كه‌یان.
هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژوویدا ده‌گاته یاریی كۆتایی، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1966 كه بۆ یه‌كه‌مجار بوونه‌ته پاڵه‌وانی مۆندیال یه‌كه‌مجاره له دوای 50 ساڵه جارێكی دیكه ده‌گه‌نه‌وه یارییه‌كی كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كی گه‌وره.