بە وێنە.. وێرانکاری لافاو و بەرزبوونەوەی ئاو لە هۆڵەندا، ئەڵمانیا و بەلجیکا
جگه له مردنی دهیان كهس و بێسهروشوێنبوونی ههزارانی دیكه، زیانه ماددییهكانیش به سهدان ملیار یۆرۆ دهخهمڵێنرێن

K24- ئهوروپا:
کاتژمێر 6:00ی بەیانی هەینی بە بلندگۆ و سیرێنی پۆلیس 550 خێزانی شاری رۆیرمۆند لە هەرێمی لیمبورخی هۆڵەندا، لەخەو بهخهبهر هێنران، بۆ ئهوهی بهزووترین كات ماڵهكانیان چۆڵ بكهن.
زۆری رێژهی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو لە ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا، ئاستی ئاوی بەشێوەیەکی زیاتر له چاوەڕوانکراو بهرز كردهوه، و بووه هۆی دروستبوونی کارەساتێکی سروشتی. ئەمەش بووهتە هۆی چۆڵکردنی زۆربەی ئەو ناوچانهی دەکەونە سەر رووباری ماس، کە لە بەلجیکاوە دێت و بە هۆڵەندادا تێدەپەڕێت بۆ ئەڵمانیا.
شەوی رابردوو گەڕەکی راندڤەیك و هێوخم لە شاری ماستریخت، پایتەختی هەرێمی لیمبورخی هۆڵەندا چوڵکران و 350 کەس گوازرانهوه شوێنی تایبەتی سەنتەری وەرزشی، تا ئەم بهیانییە راگەیەندرا، لە کاتژمێر 9:00ی بەیانیەوە دەتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان، چاوەڕێ دەکرا، رێژەی ئاوی ماس کاتژمێر 3ی شەو لە 1.5 تا 5 مەتر بەرزبێتەوە و بچێتە ناو ماڵەکان و وەك شوێنەکانی دیكه زیانی مرۆیی هەبێت.
لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بەهۆی زۆری باران و لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەند رۆژی رابردوودا، زیانەکان هێشتا بەتەواوی رانەگەیەندراون، زانیارییهكانیش ئاماژه بهوه دهدهن، زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەس بێسەروشوێنن و سەدان هەزار کەس بێ کارەبا ماونەتەوە، جگە لە زیانە ماددییهكان، كه بە سەدان ملیار یۆرۆ دەخەمڵێندرێن.
له بەلجیکاش لافاوی شاری لیێژ دوێنێ زیانێکی زۆری گەیاندە شارۆچکە و گوندەکانی نزیك شار و بەتەواوی ماڵەکانی قەراخ رووباری ماس چۆڵکران.
لەگەڵ ئامادەکردنی ئەم هەواڵە چاوەڕوان دەکرێت، بارودۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە بچێت و رێژەی بەرزبوونەوەی ئاوی رووبار کەمتر بووبێتەوە.






H.B