هەندرێن خۆشناو خەڵاتی نایابی شایستەیی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی 'کاریکاتێریی چین' بەدەستهێنا

هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندی کاریکاتێریستی کورد، یەکێک بووە لە 30 هونەرمەندی خاوەن بەرهەمی هەڵبژێردراو کە لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کاریکاتێریی شینگژۆی چین بۆ ساڵی 2026، خەڵاتی نایابی شایستەیی پێبەخشراوە.

سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندی کاریکاتێرستی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کاریکاتێریی شینگژۆ لە ساڵی 2026دا، بە بەشدارییەکی بەرچاوی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەچووە، لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا کۆی 2500 بەرهەمی هونەری لە کاریکاتێریستانی 39 وڵات و ناوچەی جیهانەوە پێشکەش کراون."

خۆشناو سەبارەت بە بەشداری هونەرمەندانی جیهان لەو فێستیڤاڵەدا گوتی، "دوای پرۆسەیەکی توندی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکان، لیژنەی دادوەری و هەڵسەنگاندن، لە 14 هونەرمەندی نێودەوڵەتیی پێکهاتبوون، 165 بەرهەمی هونەری لە 24 وڵات و ناوچەی جیهان هەڵبژاردووە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەکەدا."

ئەو هونەرمەندە باسی لەوەش کرد، "لە نێو ئەو 165 بەرهەمە هونەرییە هەڵبژێردراوەدا، تەنیا 30  هونەرمەند خەڵاتی نایابی شایستەیییان پێ بەخشراوە، منیش وەک هونەرمەندێکی کورد، یەکێک بووم لەو هونەرمەندانەی توانیومە ئەم خەڵاتە بەدەستبهێنم."

سەبارەت بە گرنگیی بەشداریکردنی لەو فێستیڤاڵەدا، هەندرێن خۆشناو دەڵێت، "بەشداریی من لەم چالاکییە نێودەوڵەتییەدا و وەرگرتنی خەڵاتی نایابی شایستەیی، بەشێکە لە بەشداریی هونەرمەندانی کورد لە چالاکییە هونەرییە نێودەوڵەتییەکان و دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هونەری کاریکاتێریی کوردی لە ئاستی جیهاندا."

سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کاریکاتێریی شینگژۆی چین، بە بەشداریی هونەرمەندان لە دەیان وڵات و ناوچە و هەڵبژاردنی بەرهەمە هونەرییەکان لەلایەن لیژنەیەکی نێودەوڵەتییەوە، بوارێک بۆ نمایشکردنی بەرهەمە کاریکاتێرییەکان و بەشداریی هونەرمەندان لە چالاکییە هونەرییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رەخساندووە.

هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندی کاریکاتێرستی کورد، خەڵکی شاری هەولێرە، هەر لە منداڵییەوە بەشداری لە پێشانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکاندا کردووە، لە ساڵی 1986 یەکەم پێشانگەی تایبەتی شێوەکاری و دواتر کاریکاتێری خۆی لە هەولێر کردووەتەوە، لە دوای ساڵی 2000 ەوە بەشداری لە چالاکییە نێودەوڵەتییە شێوەکاری و کاریکاتێرییەکاندا کردووە، زیاتر لە 220 چالاکی و بەشداری نێودەوڵەتی، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، چەندین خەڵات و بڕوانامە و رێزلێنانی جۆراوجۆری پێبەخشراوە.