هەولێر.. ئاوی خاوێن لە شووشتنگەکانی ئۆتۆمبێل دەبڕدرێت

هەڵمەتی بڕینی سەرپێچی بەکارهێنانی ئاوی خاوێن لە شووشتنگەکانی ئۆتۆمبێل دەستیپێکرد

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

لە هەولێر هەڵمەتێک بۆ بڕینی ئاوی خاوێن لە شووشتنگەکانی ئۆتۆمبێل دەستیپێکرد و هەر خاوەن شووشتنگەیەک پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و شووشتنگەکەشی دادەخرێت.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند: "دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و پارێزگای هەولێر، هەڵمەتێکی فراوان لە سنووری هەر شەش شارەوانیمان بۆ بڕینی سەرپێچییەکانی بەکارهێنانی ئاوی خاوێن لە شووشتنگەکانی ئۆتۆمبێل دەستیپێکرد".

لە راگەیەندراوی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژە بەوەشکراوە: "لەو هەڵمەتەدا تیمەکانمان لە سنووری دیاریکراوی خۆیان، ماوەی یەک هەفتە مۆڵەت بە شووشتنگەکان دەدەن، کە پابەندی ئەو رێنماییانە بن کە لەکاتی مۆڵەتی دامەزراندنی شووشتنگە پێیاندراوە، ئەویش دانانی ریسایکلینە بۆ شووشتنگەکان، دوای ماوەی دیاریکراو هەر شووشتنگەیەک پابەند نەبێت سزادەدرێت بە پێ بژاردن و دادەخرێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "ئەم هەڵمەتەی بڕینی سەرپێچیەکانی بەکارهێنانی ئاوی خاوێن، لەکاتێکدایە کە ئەمساڵ وشکەساڵییە و رێژەی ئاوی ژێر زەوی کەمیکردووە، بەشێکی گەڕەکەکان کێشەی کەمی ئاوی خاوێنیان هەیە".

Fly Erbil Advertisment