عێراق.. هاووڵاتييان جه‌خت له‌سه‌ر بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌نه‌وه‌ لایه‌نه‌كانیش به‌ڵێنی گۆڕانكارییان پێ ده‌ده‌ن

شاعیرێكی عێراقی: چ هەڵبژاردنێك دەتوانێت گۆڕانکاری بکات، کە 18 ساڵە نه‌یانتوانیوه‌ ناکۆکیەکان لە سەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌

K24- به‌غدا:

بە هۆی ئەو هەموو نا دادپەروەریەی لە جومگەکانی حکومڕانی عێراقدا هەیە، هاووڵاتیانی بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق توڕەن و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، "بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ناکەین"، چونکە وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ن، لە 18 ساڵی ڕابردوودا بە چوار جار هەڵبژاردنی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوه‌ رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاری و گوزەرانی خەڵك باشتر بکەن، له‌كاتێكدا لایەنە سوننی و شیعەكان دەستیان بە بانگەشە کردووە و بەڵێنی گۆڕانکاری بە دەنگدەران دەدەن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شاعیرێكی عێراقی به‌ناوی ئه‌بو ساعد عێراقی له‌ڕێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه‌ رووی قسه‌كانی له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد و گوتی: "چی هەڵبژاردنێك دەتوانێت گۆڕانکاری بکات، کە 18 ساڵە ئێوە تەنانەت نەتانتوانیوە ناکۆکیەکان لە سەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکەن و پارەیان بۆ بنێرن، ئێوە دەتوانن چی بکەن لەم هەڵبژاردنە! ئێمە هیچمان لە توانا نەماوە، خەڵك یەکجار دەمرێت ئێوە 18 ساڵە دەمانکوژن".

هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ش به‌ناوی حاته‌م شه‌مه‌ڕی كه‌ خه‌ڵكی ناسریه‌یه‌ ده‌ڵێت: "کوا یاسا هەیە!! حکومەتمان شکسخواردووە، پەرلەمان ھیچ سوودێكی نەماوە، خوێنی خەڵکتان ساردکردەوە، غیرەتی ئەو خەڵکەتان نەهێشت، ئەو ئارەقەی نێوچەوانمان لە نێو لەشمان نەما، ئەوان مرۆڤایەتیشیان لێمان سەندووەتەوە".

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو گله‌ییانه‌ی هاووڵاتیان، كاندیدانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ڵێنی گۆڕانكاری به‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن، به‌ڵام هاووڵاتییان ده‌ڵێن: له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتریش ته‌نها به‌ڵێنما پێدراوه‌، دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌كه‌، هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ له‌بیر كراون.

H.B

Fly Erbil Advertisment