سیستمی دابەشکردنی خۆراک لە قوتابخانەکان پەیڕەو دەکرێت

بەرنامەی خۆراکی جیهانی: بەشێک لە قوتابخانەکانی عێراق لەو پڕۆگرامە سوودمەند دەبن

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئەمساڵ لە قوتابخانەکان سیستمی دابەشکردنی خۆراک پەیڕەو دەکات و 930 قوتابخانەی عێراقیش لە پڕۆگرامەکە سوودمەند دەبن.

عەلی رەزا قورەیشی، نوێنەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆگرامێکیان داناوە بۆ پەرەپێدانی خۆراکی قوتابخانەیی، لەسەر ئاستی نیشتمانی و لە عێراقدا 930 قوتابخانە لە سیستمەکە سوودمەند دەبن، کە ئەمساڵ بەرنامەکە جێبەجێ دەکرێت ئەگەر خوێندن بە ئۆنلاین نەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگە پڕۆگرامێکی خۆراکی قوتابخانەکان هەبێت، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق کار لەسەر پێشخستنی دەکەن و بەرنامەکەش منداڵە کەمدەرامەت و پێویستەکان دەگرێتەوە لەسەر ئاستی عێراق.

نوێنەری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستەڕوو، پێدانی خۆراک لەسەر توانای دارایی قوتابی و پێداویستییەکانی رۆژانەی دەبێت، ئێستا پڕۆگرامەکەیان بەدوای سەرچاوەی دارایی و پشتیوانی خێرخوازان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگەڕێت، هەوڵدەدات زۆرترین منداڵی پێویست لێی سوودمەند بن.