كومان: خۆمان بۆ سه‌رده‌می دوای مێسی ئاماده‌ كردووه‌

رۆناڵد كومان راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
رۆناڵد كومان راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا بەبێ لیۆنێل مێسی ئامادەکاری بۆ یەکەم یاری وەرزی نوێی لالیگا دەکات، کاتێک لە یاریگای خۆی بە ئامادەبوونی نزیکەی 30 هەزار هاندەری لە گەڕی یەکەمی خولەکە رووبەڕووی ریال سۆسیداد دەبێتەوە.

بارسێلۆنا وەرزی رابردوو ناسناوی لالیگای بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک لەدەستدا، بەڵام لەمە گرنگتر ئەوان ئەم هاوینە گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیان، واتە لیۆنێل مێسیان لەدەستداوە و ئەو یاریزانە دوای نزیکەی 21 ساڵ، ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاری سانجیرمانی فەرەنساوە کرد.

پێش یارییەکە لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی رۆناڵد کومان راهێنەری هۆڵەندا بلاوگرانا رایگەیاند، پێویستە ئەوان خۆیان بۆ سەردەمێکی نوێ، واتە سەردەمی دوای مێسی ئامادە بکەن.

سه‌رده‌می دوای مێسی ده‌ستیپێكرد

رۆناڵد كومان راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌یان به‌رامبه‌ر ریال سوسیداد گوتی: '' جیابونەوەی مێسی هەموو هاندەرانی یانەکەمانی نیگەران کردووە، هەموومان دەزانین لیۆ چی بۆ بارسا کرد و ئەمەش شتێکی ئاساییە کە هاندەران لە جیابونەوەی نیگەران بن،ئەم شتە زۆر جار روو دەدات و یاریزانەکان بە گشتی یانەکەیان دەگۆڕن، بەڵام پێویستە خۆمان بۆ سەردەمی دوای ئەو یاریزانە ئامادە بکەین، بۆیەش قسەم لەسەر ئەو یاریزانە کرد، چونکە ئەو مێژووی یانەکەمانە، ئێمە کۆمەڵێک یاریزانی بە توانامان هەیە کە دڵنیام دەتوانن ئەوانیش کاری باش بکەن و دڵخۆشم بە هەبوونی ئەو یاریزانانە''.

بارسێلۆنا لە دوایین پێنج یاری بەرامبەر ریال سۆسیداد لە لالیگا، چوار یاری بردووە و لە یارییەکیش بەرامبەربووە و دوایینجاریش کە رووبەڕووی ئەو یانەیە بووەتەوە، توانیان بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر شەش گۆڵ بردنەوە بەدەست بێنیت.

بۆ ئەم یارییە سێرخیۆ ئەگوێرۆ هێرشبەری ئارجێنتینایی بلاوگرانا بەهۆی پێکان بەشداری ناکات، لە بەرامبەردا مێمفیس دیپای یاریزانی هۆڵەندی سەرکردایەتی هێلی پێشەوەی یانەکەی دەکات.

Fly Erbil Advertisment