ماکرۆن لە هەولێرە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن سەرۆکی هەرێم پێشوازی لێکرا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان - ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا - فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر شەوی 28/8/2021 - فۆتۆ: AFP
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان - ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا - فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر شەوی 28/8/2021 - فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەولێرە و ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

درەنگانی شەوی رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا. ئەمڕۆ ماکرۆن لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دیداری دەبێت و رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس تاوتوێ دەکەن.

‏‎نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "خۆشحاڵم که‌ له‌ هه‌ولێر پێشوازیم له‌ هاوڕێم و سە‌رۆکی فەرەنسا ئێمانوێل ماکرۆن کرد. لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کوردستان، گفتوگۆ  ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی و هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق و بابه‌تی دیکه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌شمان دەکەین".

‏‎سەرۆکی هەرێم، راشیگەیاندووە: "سوپاسی به‌رده‌وامیی پشتگیریی فه‌ره‌نسا بۆ‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌م".

سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەولێر لە کاتێکدایە، بەگوتەی چاودێرانی سیاسی ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، ماکرۆن رایگەیاند، وەک فەرەنسا پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەن.

ئیمانوێل ماکرۆن، شەوی 27/8/2021 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و دوێنێ بەشداری لە لوتکەی بەغدا کرد. لە چەند وتەیەکیشدا ماکرۆن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردەوە و راشیگەیاند، دەبێ هەموو وڵاتانی هەرێمی و ناوچەکە هاوکار و هەمانگ بن، بۆ چەسپاندی سەقامگیری لە عێراق.